لیستی خزمەت: گۆڕان و یەكێتی خەڵك چەواشە دەكەن
د.هەڤاڵ ئەبوبەكر، سەرۆكی لیستی گۆڕان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێمە غەدرمان لێدەكرێت، چونكە یەكەم ئێمە بووین و دەبوو دەسەڵاتی یەكەم لە شارەكە بەدەست ئێمە بێت، بەڵام لەبەر پێكهێنانی حكومەتی خۆجێیی سلێمانی هەموو ئەو داوایانەمان قبووڵكردووە كە لێمان كراوە، كەچی لایەنەكان وەك پێویست بەدەم پرۆسەكەوە نایەن".
هەڤاڵ ئەبوبەكر نیگەرانە لەوەی لایەنەكانی سلێمانی یەكەمی پارێزگاكەیان یەكسان كردووە بە دووەم و دەڵێ: "تائێستا ئەو غەدرەمان لێدەكرێت، كە لە هیچ وڵاتێكی دنیا شتی وەها نییە".
سەرۆكی لیستی گۆڕان داوایكرد لایەنەكانی دیكەی وەك لیستی خزمەت كە خاوەنی چوار كورسییە و لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان كە خاوەنی 3 كورسی ئەنجوومەنەكەیە پرسەكە یەكلایی بكەنەوەو گوتی "ئەوان دەتوانن ئەم كارە بكەن، بەڵام نایكەن".
مەهدی مەحموود سەرۆكی لیستی خزمەت لێدوانەكەی هەڤاڵ ئەبوبەكر رەتدەكاتەوە بەوەی كە دەڵێ ئەوان (لیستی خزمەت) دەتوانن پرسەكە یەكلایی بكەنەوەو گوتی: "بەو قسەیە خەڵك چەواشە دەكەن، چونكە خۆیان رێكناكەون".
سەرۆكی لیستی خزمەت هەرچەندە جەختیكردەوە كە ئەوان دەنگەكانیان ناخەنە پاڵ هیچكام لە گۆڕان و یەكێتی، بەڵام لە وەڵامی سەرۆكی لیستی گۆڕاندا گوتی: "چوار كورسییەكەی ئێمە ناتوانێت ئەو پرسە یەكلایی بكاتەوە، چونكە ئەگەر بیخەینە پاڵ گۆڕان 16 كورسی دەكات و بۆ یەكێتیش 15". بۆیە داوایكرد گۆڕان و یەكێتی بەو 23 كورسییەی پێكەوە هەیانە ئەوان پرۆسەكە یەكلایی بكەنەوەو گوتیشی "ئێمە بەرپرسیارێتی تەنیا چوار كورسی هەڵدەگرین".
مەهدی مەحموود ئاماژەی بەوەكرد، كە ئەو داوایەی یەكێتی و گۆڕان بۆئەوەی دەنگەكانی لایەنەكانی دیكە بچێتە پاڵیان بۆ ئەوەیە لایەنێكیان بەتەواوی لە پرۆسەكە بچێتە دەرەوەو وەك ئەو گوتی: "ئەوان دەیانەوێ لایەنێكیان هیچ پۆستێكی پارێزگاكە نە پارێزگار و نە سەرۆكی ئەنجوومەنەكە وەرنەگرێ، بۆیە ئێمە هەگیز ئەوە ناكەین".
بەهۆی درێژەكێشانی دانیشتنی بێ ئەنجامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ، لیستی خزمەت ئەمڕۆ بڕیاری بایكۆتكردنی دانیشتنەكانی ئەو ئەنجوومەنەی داو سەرۆكی لیستەكەش لە لێدوانەكەیدا بۆ رووداو گوتی :"پێمانوایە كارێكی باشمان كردووە، چونكە ئەو دانیشتنانەی كراون و ئەوانەشی بەمشێوەیە دەكرێن دانیشتنی زیادەن".
ئەمڕۆ بۆ جاری شەشەم هەروەكو پێنج كۆبوونەوەی پێشووتری ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، ئەو ئەنجوومەنە بەبێ ئەنجام كۆتایی بە دانیشتنەكەی هێناو لایەنەكان نەیانتوانی بگەنە رێككەوتنێك بۆ دیاریكردنی پارێزگارێك بۆ ئەو شارە. بڕیاردراوە كۆبوونەوەكە بە كراوەیی بهێڵرێتەوەو وادەی دانیشتنێكی دیكە دیاری نەكراوە.
رووداو
