جێگری سكرتێری گشتیی یوئێن لە هەولێرە.. بۆ بەدواداچوونی ڕەوشی ئاوارەكانە

 جێگری سكرتێری گشتیی یوئێن لە هەولێرە.. بۆ بەدواداچوونی ڕەوشی ئاوارەكانە
جێگری سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان (ڤالێری ئەمۆس) بۆ ئاگاداربوون لە ڕەوشی ئاوارەكان، گەییشتە هەرێمی كوردستان كە لە گەشتێكی دوو رۆژەدا سەردانی كەمپی ئاوارەكان لە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆك دەكات.

خاتوو (ڤالێری ئەمۆس) پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی، بۆ باسكردنی قەیرانی مرۆیی و چۆنیەتیی هەماهەنگی لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا بۆ یارمەتیدانی ئاوارەكان، لەگەڵ جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە(د. دیندار زێباری)-دا كۆ بووەوە. لە دانیشتنێكدا باسیان لە رەوشی ئاوارەكانی و چۆنییەتی یارمەتییدانیان و میكانیزمی هاوبەشی نێوان حكوومەتی هەرێم و نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ ئەم بوارە كرا. وەهایش بڕیارە خاتوو (ڤالێری ئەمۆس) چاوی بە ژمارەیەك لە بەرپرسە باڵاكانی هەرێم بكەوێت و سبەینێش بۆ ئاگاداربوون لە رەوشی ئاوارەكان سەردانی دهۆك دەكات كە زووترین ژمارەی ئاوارە لەخۆ گرتووە.
سەردانی جێگری سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ هەرێم لە كاتێكدایە كە ئەو قەیرانە مرۆییە تەنیا بە حكوومەتی هەرێم چارە ناكرێت و پێویستی بە یارمەتیی نێودەوڵەتی و حكوومەتی عێراق هەیە. بەهۆی ئەو قەیرانە داراییەی كە بەرۆكی حكوومەتی هەرێمی گرتووە، بەتەنیا ناتوانێت پێداویستیی ئاوارەكان دابین بكەت، هەربۆیە پێویستی بە یارمەتیی دارایی عێراق و یارمەتییە مرۆییەكانی كۆمەڵی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكان هەیە.
ئامانجی سەردانی جێگری سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ خێراتركردنی یارمەتییەكانی نێودەوڵەتییە بۆ ئاوارەكان كە بە شێوەیەكی زیاتر بە هانای ئاوارەكان بێت و لەم پرۆسەیەدا زیاتر یارمەتیی هەرێمی كوردستان بدات. حكوومەتی هەرێم و یوئێن پێكەوە هەماهەنگییان هەیە بۆ یارمەتیدانی ئاوارەكان و ستراتیژییەكی هاوبەش دارێژڕاوە كە هاتنی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لەم كاتەدا هەنگاوێكی تری یوئێنە بۆ زیاتركردنی ئاستی یارمەتیدانی مڕۆیی و خێراتركردنی پرۆسەكە بە هەماهەنگی لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان.
Top