فوئاد حوسێن: توركیا بێ ئومێدی كردین

 فوئاد حوسێن: توركیا بێ ئومێدی كردین
سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان رایدەگەیێنێت، "چوار ساڵە بە گەلی خۆمان دەڵێین توركیا دۆستمانە، بەڵام لە یەكەم ئەزموونی راستەقینەدا بێ ئومێد بووین".

ئاسڵی ئاڵتن تاشباش، نووسەری رۆژنامەی میللیەتی توركی لە وتاری ئەمڕۆیدا 11-09-2014، لەژێر ناوی "هەولێر زویرە لە ئەنقەرە"، هەڤپەیڤینێكی لەگەڵ فوئاد حوسێن، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بڵاوكردووەتەوە. لەو هەڤپەیڤینەدا فوئاد حوسێن دەڵێت:"كاتێك داعش نزیكبووەوە لە هەولێر، بەڕاستی پێویستمان بە هاوكاری هەبوو و باوەڕناكەم جارێكی دیكە رووبەڕووی بارودۆخێكی قورسی لەمجۆرە ببینەوە، كاتێك دۆستیش هاوكاریت نەكات، بێ ئومێدیەكەت زۆرتردەبێت".

نووسەر لە وتارەكەیدا باس لەوە دەكات، هەموو ئەو بەرپرسانەی باشووری كوردستان كە ئەو چاوی پێیان كەوتووە، گلەییان لە توركیا كردووە، لەبەرئەوەی كاتێك داعش ئاراستەی هێرشەكانی گۆڕی و لە هەولێر نزیكبووەوە، توركیا ئامادەنەبووە هاوكاری كوردستان بكات، بە پاساوی پاراستنی گیانی دیپلۆماتكارە دەستبەسەرەكانی لای داعش.

لە وتارەكەدا ئاماژە بە لێدوانێكی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كراوە و بۆ رۆژنامەی میلییەت گوتوویەتی :"توركیا هاوكاری كردووین، بەڵام ناتوانم بڵێم وەك پێویست بوو، چونكە چاوەڕێی زیاترمان دەكرد لێیان".

تاشباش لە كۆتایی نووسینەكەیدا دەڵێت، تاكە هاوپەیمانی ستراتیژی توركیا لە ناوچەكەدا باشووری كوردستانە و بارودۆخی ئێستا رێگەنادات توركیا دڵی كورد لە خۆی زویربكات. هاوكات گلەیی لە حكومەتی وڵاتەكەی دەكات و دەڵێت، دەكرا ئەو كاتەی هەڕەشە لەسەر هەولێر هەبوو، ئەنقەرە بەبێ دەنگی هاوكاری كوردستانی بكردبا، هیچ نەبێت چەند پسپۆڕێكی سەربازی ناردبان، وەك ئێران كە چۆن هەر زوو هاتە سەر خەت.







رووداو
Top