بەریتانیا چەکی قورسی رەوانەی کوردستان کرد

 بەریتانیا چەکی قورسی رەوانەی کوردستان کرد
حكومەتی بەریتانیا رایگەیاند یەكەم باری چەكی قورس رەوانەی هەرێـمی كوردستان كراوە بۆ پاڵپشتیكردنی هێزەكانی پێشمەرگە لە رووبەڕووبوونەوەی چەكدارانی داعش و بڕیارە رۆژی چوارشەممە بگاتە شوێنی مەبەست.

مایكل فاڵۆن، وەزیری بەرگری بەریتانیا رایگەیاند یەكەم باری چەكی قورسیان رەوانەی عێراق كردووە بە مەبەستی پاڵپشتیكردنی هێزەكانی پێشمەرگە و رۆژی چوارشەممە ١٠ی ئەیلوول دەگاتە هەولێر. وەك فاڵۆن باسیكرد، ئەو بارە چەكەی رەوانەی باشووری كوردستان كراوە نرخەكەی بایی ملیۆنێك و 600 هەزار یۆرۆیە و گواستنەوەشی 475 هەزار یۆرۆی تێدەچێت.

وەزیری بەرگری بەریتانیا جەختیكردەوە كە ئەوان هەرچییەكیان لە دەستبێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی چەكدارانی گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی (ناسراو بە داعش) ئەنجامی دەدەن، چونكە داعش تەنها هەڕەشە نییە بۆسەر عێراق و وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵكو هەڕەشەیەكی جیدیە بۆسەر وڵاتانی جیهان بەگشتی و بەریتانیا بەتایبەتی.






رووداو
Top