عالمی ڕووحی كاكەیی: ئێمە ئیسلامین وئایینمان لە ئیسلام جیاواز نیە
ڕەحیم عەزیم، عالمی ڕووحی كاكەیی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی لە بارەگای یەكێتی زانایانی ئایینی لە كەركووك ڕایگەیاند؛ ئێمە وەكو هەڵبژاردەیەكی كاكەیی موسوڵمان، هاتووین جەخت لەوە دەکەینەوە ئیسلامین و بەدرێژایی مێژوو لە سەر ڕێبازی ئایینی ئیسلام و ڕێبازی پێغەمبەر محەمەد (د.خ) کە خاتمی پێغەمبەرانە و لە قۆئانی پیرۆزدا هاتووە، ئەژین و ئەمرین.
عالمی ڕووحی كاكەیی ئاماژەی بەوە كرد، " لەم ماوەیەدا هەندێك دەنگۆی ئەوە هەیە كە گوایە كاكەیی ئیسلام نییە و ئایینی تایبەت بە خۆیان هەیە كە لە ڕێگەی دەستگاكانی ڕاگەیاندنەوە لەو جۆرە قسانە دەكەن، بۆیە ئەوانە هەمووی دوورن لە ڕاستییەوە و ئەوەی ئەم دەنگۆیانە بڵاو دەکەنەوە كۆمەڵێكن لە كەسانی بێ بنەما كە لە دەرەوەی ووڵات هاندەدەرێن و هیچ بیروباوەڕێكی ڕووحییان نییە، بەڵكو بەدوای پلەو و پایەدا دەگەڕێن .
ڕەحیم عەزیم گووتی: هەموو دەزانین ئێمە نەوەی شیخ ئیسحاق كوڕی شێخ عیسای بەرزنجین و موریدی ئەوین، ئەوەش ڕەگ و ڕیشەی بنەماڵە پیرۆزەكەمانە كە بەدرێژایی مێژوو هاتووە كە لە سەید و شیخ و زاناكان پێكهاتووە و ڕەگ و ڕیشەی كاكەییەكان لەلایەن زاناكان و بەهرەمەندی مەزهەبە ئیسلامیەكانەوە نووسراوەتەوە و لە پەرتووكە مێژوویەكانی ئیسلامەوە پەسەند كراوە.
عالمی ڕووحی كاكەیی لە بەشێكی دیكەی كونگرەكە رۆژنامەوانییەکە دا ڕایگەیاند؛ " دابونەریتیشمان وەكو سونەتكردن و شایی و بۆنە و جەژنەكانمان و تەنانەت ناوەكانیشمان لە سەر پەیڕەوی ئایینی پیرۆزی ئیسلامە و ئەوەش بەڵگەی ئیسلام بوونمانە و ڕۆڵەكانمان لە قوتابخانەكان قۆرئانی پیرۆز دەخوێنن. دوای ئەو هەموو شتە، ئێمە چۆن موسۆڵمان نین؟ بۆیە ئێمە بەوانە دەڵێن ئێوە لارین، وەرنە هۆشی خۆتان و ڕێگەی ڕاست بگرن كە ڕێگەی ئایینی پیرۆزی ئیسلامە و ئەو كارانەتان هیچ دادتان نادات .
ڕەحیم عەزیم داوای لە دامودەزگاكانی ڕاگەیاندن کرد، ڕێگە بەو كەسانە نەدەن كە خۆیان كردووەتە نوێنەری عەشیرەتی كاكەیی و بەناوی ئێمەوە لێدوان دەدەن كە هیچ بنەمایەكی ڕاستی نییە و داوای لە وەزارەتی ئەوقاف و حكومەتی هەرێمی كوردستان کرد سنورێك بۆ ئەو حاڵەتە دابنێن.
