سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندی سەرۆكی كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری لە جیهان دەكات
لە دیدارێكدا سەرۆكی شاندەكە سوپاس و پێزانینی سەرۆكی كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری لە جیهانی بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند بۆ ئەو هەوڵانەی هەرێمی كوردستان بۆ پاراستن و حەواندنەوەی ئاوارە و پەنابەرانی ئەنجامی داوە و سوپاسی كرانەوە و دڵفراوانیی خەڵكی كوردستانیشی كرد و ئاماژەی بەوەدا كە چارەنووسی هەموو پێكهاتەكانی كوردستان هاوبەشە و جێگەی شانازییە كوردستان بووەتە پەناگەیەكی ئارام بۆ مەسیحییەكان و پەیڕەوانی ئایین و ئایینزاكانی دیكەی عێراق. سەرۆكی شاندی سەرۆكی كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری لە جیهان ئەوەیشی دووپات كردەوە كە پێویستە وڵاتانی جیهان هاوكار و پاڵپشتیی هەرێمی كوردستان بن لە شەڕكردنی دژی تیرۆریستان و یارمەتیدانی ئاوارەكان. سەرۆكی شاندی سەرۆكی كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری لە جیهان هیوای سەركەوتنی بۆ سەرۆك بارزانی و گەلی كوردستان خواست لە تێپەڕاندنی ئەو شەڕ و كارەساتەی بەسەر كوردستاندا سەپێندراوە.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەگەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندیی مێژوویی نێوان پێكهاتەكان كوردستان جەختی لەوە كردەوە كە كوردستان نیشتیمانی هەمووانە و پێویستە هەموو لایەك تێیدا بە ئازادی و سەربەرزی بژیین. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی خستەڕوو كە لەگەڵ ئەوەدا نییە خەڵك وڵاتی خۆیان جێبهێڵن چونكە ئەم بارودۆخە كاتییە و تێدەپەڕی و تیرۆر و تیرۆریستان هیچ ئاییندە و پێگەیەكیان لەم وڵاتەدا نابێت و ئاماژەكانی شكست و پاشەكشەیان بەڕوونی دەركەوتووە. سەرۆك بارزانی جەختی لەوەیش كردەوە كە داهاتوویەكی ڕوون لەبەردەم خەڵكی كوردستانە و ئەم داهاتووییە زۆر باشتر دەبێت لە ئێستا و ڕابردوو. لە درێژەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی گەشبینیی خۆی نیشاندا بەوەی كە ئەم بارودۆخە لە بەرژەوەندیی گەلی كوردستان كۆتایی دێت چونكە كوردستان لەسەر ڕێگەیەكی ڕاستە و گەلەكەمان خاوەنی دۆزێكی ڕەوا و دروستە.
