جەمال مورتكە: بەم زووانە موژدەی سەركەوتنی یەكجاری ڕادەگەیەنین
فەرماندەی سەربازی و ئەندامی پەرلەمانی كوردستان (جەمال مۆرتكە) لە لێدوانێكدا بۆ KDP.info گوتی، "داعش هەموو هەوڵێكیان دا بۆ ئەوەی بەرنامەكانی خۆیان بۆ دەستبەسەرداگرتنی خاكی پیرۆزی كودستان بگەیەننە ئەنجام، بەڵام شكستیان برد و نەیانتوانی بگەنە ئامانج، ئێستایش شێوازی شەڕ گۆراوە و دوای شەڕەكەی گوێڕ تیرۆریستان شێوازی ترسنۆكانە دەگرنە بەر، وەك دانانى بۆمب و كوشتنی خەڵكی ئاسایی و شەڕی لابەلا".
گوتیشی، "ئێستا هێزی پێشمەرگەی كوردستان سەرقاڵی خۆئامادەكردنن و لە داهاتوویەكی نزیكدا باڵانسی هێز دەگۆڕێت و ئەو هێزەی داعش لە سنووری هەرێمی كوردستان هەیەتی، نامێنێت".
ئەو فەرماندە سەربازییە ئەوەیشی خستە ڕوو كە، "بەم زووانە موژدەی سەركەوتنی یەكجاری ڕادەگەیەنین، چونكە ورەی داعش ڕووخاوە و شكستیان پێ هێنراوە، نەك تەنیا لە سنووری كوردستان، بگرە لەناو مووسڵ و تەواوی عێراقیش".
