داعش لە جەلەولا خانووی سەرۆك هۆزی ئەو عەرەبانە دەتەقێنێتەوە كە هاوكاریان بوون

داعش لە جەلەولا خانووی سەرۆك هۆزی ئەو عەرەبانە دەتەقێنێتەوە كە هاوكاریان بوون
لە شارەدێی جەلەولا چەكدارانی داعش خانووی سەرۆك هۆزی كروی و چەند كەسێكی نزیك لەو سەرۆك هۆزە دەتەقێننەوە و بە وتەی سەرچاوەیەكیش هۆكارەكەی ئەوەیە ئەو هۆزە و داعش ناكۆكی كەوتۆتە نێوانیانەوە.



هۆزی كروی یەكێكن لە هۆزە عەرەبە توندرەوە دیارەكانی سنووری جەلەولا و لە سەردەمی رژێمی بەعسی روخاودا رۆڵ و پێگە و پلە و پایەی بەرزیان لە ناو ئەو حیزبە و حكوومەتیشدا هەبوو و دوای روخانی رژێمی بەعسیش، بە هەمان شێوە لە ناو حكومەتی نوێی عێراق لە سنوورەكەدا بوونە خاوەن پۆست و هەرزوو كەوتنە وێزەی هاووڵاتیانی كورد لە ناوچەكەدا و دەستێكی باڵایان لە تیرۆركردنی هاووڵاتیان كورد و دەركردنی خێزانە كوردەكان لە سنوورەكە هەبوو. لە گەڵ هاتنی چەكدارانی داعشیش گەنجەكانی ئەم هۆزە چوونە ریزی چەكدارەكانەوە و دژی پێشمەرگە شەڕیان كرد.



لەبارەی دوایین زانیارییەكانیشەوە، سەرچاوەیەك لە هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لە سنووری جەلەولا بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند: دوێنێ‌، چەكدارانی داعش خانووی سەرۆك هۆزی كروی "شێخ فەیسەل ساڵح" و سێ ئامۆزایان لە ناو شارەدێی جەلەولا تەقاندۆتەوە و هۆكارەكەشی دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی لە ئێستادا ناكۆكی كەوتۆتە نێوانیانەوە و سەرۆك هۆزەكەش بەرەو شاری باقووبە هەڵهاتووە.



سەرچاوەكە وتیشی، هەر بە پێی زانیارییەكان ئەو سەرۆك هۆزە لە گەڵ حكوومەتی عێراق لە پەیوەندیدایە بۆ پێكهێنانی فەوجێكی تەواری لە سنوورەكەدا.
Top