ئەلبانیا 22 ملیۆن پارچە چەک بۆ پێشمەرگە دەنێرێت
حکومەتى ئەلبانیا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "رەوانەکردنى چەک لەلایەن حکومەتى ئەلبانیا وەڵامدانەوەى داواکاریى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکایە بۆ وەستاندنى پێشڕەوى رێکخراوى دەوڵەتى ئیسلامى ناسراو بە داعش کە ئێستا دەستى بەسەر شارى موسڵدا گرتووە".
هەروەها لەبەیاننامەکەدا هاتووە: "بەشى یەکەمى ئەو چەک و تەقەمەنییانەى لەلایەن حکومەتى ئەلبانیاوە رەوانەى هەرێمى کوردستان دەکرێت، 22 ملیۆن پارچە چەکى جۆراوجۆر لەخۆدەگرێت وەک کڵاشینکۆف و 23 هەزار مووشەکى قەبارە جیاواز".
دواى دەرکردنى مەسیحییەکانى شارى مووسڵ و کوشتوبڕکردن و ئاوارەکرنى ئێزدییەکان و گیرخواردنى نزیکەى 130هەزار کەس لەسەر چیاى شەنگال، ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا هاتە دەنگ و بە مەبەستى وەستاندنى هێرشی چەکدارانى داعش بڕیارى وەشاندنى گورزى ئاسمانى دژى بنکەو بارەگاکانى ئەم رێکخراوە دەرکرد، سەرەڕاى هاوکارى مرۆییش زۆربەى وڵاتانى ئەوروپا و رۆژئاوا ئامادەییان نیشاندا لە پێناو بەرەنگاربوونەوەى چەکدارانى داعش بە چەک و تەقەمەنى هاوکارى هێزى پێشمەرگە بکەن.
رووداو
