له‌ هه‌ولێر چه‌ند تۆمه‌تبارێك به‌ تاوانی جۆراوجۆر ده‌ستگیركران

له‌ هه‌ولێر چه‌ند تۆمه‌تبارێك به‌ تاوانی جۆراوجۆر ده‌ستگیركران
بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، هەشت تاوانباریان دەستگیر كردووە كە تاوانی جۆراوجۆریان لە هەولێر و دەوروبەریدا ئەنجام داوە و دوای داننان بە تاوانەكانیاندا، بەپێی ماددە یاساییەكان سزا دراون.

بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر لیوا (عەبدولخالق تەڵعەت عوسمان) ئەمڕۆ 3/9/2014 لە پرێسكۆنفرانسێكدا باسی لە ئەنجامدانی پێنچ تاوان لە هەولێر و دەوروبەری كرد كە هەشت تاوانبار تێیدا بەشدار بوون و ئێستایش لە لایەن پۆلیسی هەولێرەوە قۆڵبەست كراون.
لیوا (عەبدولخالق) گوتی، "دوو تاوانبار بە ناوی (ن. خ. د) لەدایكبووی (1995) و (س. ع. ی) لەدایكبووی (1983)، كە خەڵكی شەرگاتی شاری مووسڵن، خاوەن كارگەیەكی ئەلەمنیۆمیان لە شارۆچكەی كەسنەزان كوشتووە، دوای ئەنجامدانی تاوانەكەیشیان، لە لایەن پۆلیسەوە دەستگیر كراون و بە ماددەی (406) سزا دراون".
بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕوونیشی كردەوە، "تاوانبارێكی دیكە بە ناوی (ن. ع. ع) لەدایكبووی (1982)، كەسێكی لە گەڕەكی ئیسكانی شاری هەولێر كوشتووە، بۆیە دوای دەستگیركردنی، دانی بە تاوانەكەیدا ناوە و بەپێی ماددەی (406) سزا دراوە. هەروەها لە لایەكی دیكەیشەوە سێ تاوانبار بە ناوی (هـ. ح. ا) لەدایكبووی (1987) و (د. و. ا) لەدایكبووی (1991) و (د. ج. ع) لەدایكبووی (1980)، هەشت دزییان لە چەند كۆمپانیایەك كردووە كە شەشیان لە شارۆچكەی عەنكاوە و یەكیان لە گەڕەكی بەختیاری و یەكیشیان لە شاری خەونەكان بووە، ئەم سێ تاوانبارەش بەپێی ماددە (443) ی سزادان رەوانەی دادگە كراون".

گوتیشی، "تاوانبار (ا. ح. م) لەدایكبووی (1989)، كە خەڵكی خانەقینە، لە دوو تاوانی جیادا خەناوكەی زێڕی لە ملی منداڵان كردووەتەوە و بردوونی، ئەویش دوای ئەوەی بینیویەتی منداڵەكە لەبەر دەرگە بووە و خەناوكەی لە ملدا بووە، خەناوكەكەی لە ملی منداڵەكە پچڕاندووە و رای كردووە، ئەم تاوانبارەیش بەپێی ماددەی (446) لە یاسای سزادان لە ژێر لێكۆڵینەوەی دادگەیە".

(عەبدولخالق تەڵعەت) ئەوەیشی بۆ رۆژنامەنووسان خستە ڕوو، "تاوانبارێكی دیكە بە ناوی (م. ا. خ) لەدایكبووی (1984)، كە خەڵكی ئاڵتوون كۆپرییە، بە هاوكاریی ئافرەتێك كە ئێستا جێگەی نادیارە، لە رێگای مۆبایلەوە بە ڕەوانەكردنی كارت و پارە فێڵیان لە خەڵك كردووە، ئەو تاوانبارەیش بەپێی یاسای خراپبەكارهێنانی مۆبایل رەوانەی دادگە كراوە".

بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر، لە پرێسكۆنفڕانسەكەدا ئاماژەیشی دا كە رێژەی تاوان لە هەولێر بە بەراورد لەگەڵ چەند مانگی رابردوو زۆر كەمی كردووە كە هۆكارەكەیشی بۆ هاوكاری و هەستكردن بە بەرپرسیارێتیی لە لایەن هاووڵاتیانەوە گەڕاندەوە.

Top