لە پارێزگای دهۆک لیژنەیەک بۆ کار کردن لە سەر جینوسایدی ئێزیدییەکان پێکدێت

لە پارێزگای دهۆک لیژنەیەک بۆ کار کردن لە سەر جینوسایدی ئێزیدییەکان پێکدێت
لیژنەی باڵای بە جینۆساید ناساندنی ئێزدییەكان، بڕیاریدا لە سەر ئاستی پارێزگای دهۆك لیژنەیەك بۆ كاركردن لە سەر دۆسیەی جینۆسایدی ئێزدییەكان پێك بێت.



فوئاد عوسمان گوتەبێژی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوان گووتی: ا لیژنەی بە جینوساید ناساندنی كوردانی ئێزیدی و پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی تر، بڕیاریدا لێژنەیەكی باڵا لە سەر ئاستی دهۆك بۆ هاوكاری لێژنەی باڵای ناساندنی جینۆسایدی كوردانی ئێزیدی و پێكهاتە ئایینی و نەتەوەكانی تر پێکبێت و كار ئاسانی بۆ جێبەجێ كردنی كارەكانی ئەم بۆردە بكات .



گوتەبێژی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوان باسی لەوەشکرد کە بۆ وەرگرتن و ناردنی بەڵگەنامەکان، لیژنەكەیان بۆ پەیوەندی كردن و وەرگرتنی زانیاری پێکهێناوەو ئیمێڵێكی ئەلیكترۆنی و لاپەڕەیەكی فەرمیان لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك كردۆتەوە، تاوەکو ئەو خۆبەخشانەی بەڵگە و تۆمارەكانیان لایە، پەیوەندیان لەگەڵ دەكرێت بۆوەی هاوكاری لێژنەكان بن.



لیژنەی ناساندنی جینوسایدی كوردانی ئیزیدی و پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكانی تر، بە بڕیارێكی ئەنجومەنی وەزیران لە رۆژی ١٧/٨/٢٠١٤ بە سەرۆكایەتی مەحمود حاجی صالح وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان و ئەندامییەتی محمد قادر هاودیانی وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێم و ئامانج رەحیم سكرتێری سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران پێك هاتووە و كار لەسەر كۆكردنەوەی بەڵگەنامەو گەیاندنی كەیسەكە بە دادگای باڵای تاوانەكان و بە جینوساید ناساندنی دەكات.
Top