ئاماری دانیشتوانی هەرێم گەیشتۆتە ١٠ ملیۆن كەس

ئاماری دانیشتوانی هەرێم گەیشتۆتە ١٠ ملیۆن كەس
دوای هێرشەكانی داعش، ئاماری دانیشتوانی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی خێرا بەرز بۆوە و بە گووتەی بەرپرسێكی ئاماری كوردستان، ئاماری دانیشتوانی هەرێمی کوردستان لە پێنج ملیۆن و ٤٠٠ هەزار كەس دەبێتە گەیشتۆتە نۆ ملیۆن و ٨٥٠ هەزار كەس.



مەحموود عوسمان، ئەندامی ئاماری هەرێمی كوردستان و بەڕێوەبەری ئاماری سلێمانی بە (باس)ی راگەیاند؛ بەر لە ئازادکردنی ناوچە دابڕاوەکان، ئاماری دانیشتوانی هەرێمی کوردستان پێنج ملیۆن و ٤٠٠ هەزار کەس بوو بەڵام ئێستا بە ناوچە دابراوەكانەوە گەیشتۆتە هەشت ملیۆن و 350 هەزار كەس.



بەپێی‌ ئاماری‌ هەڵبژاردنی‌ ساڵی‌ ٢٠١٠ كە بەپێی‌ كۆبونی‌ خۆراك هەژماركراوە، ژمارەی‌ دانیشتوانی‌ هەرێمی‌ كوردستان نزیكەی‌ چوار ملیۆن ‌و ٤٤٧ هەزار كەس بووە.

لە ساڵی ٢٠١٣ بەپێی ئامارێكی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان، ژمارەی‌ دانیشتوانی‌ هەرێمی‌ كوردستان گەیشتۆتە پێنج ملیۆن ‌و ٥٠٠ هەزار كەس.



مەحموود عوسمان، ئەوەی خستەروو زۆربەی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان کە دوو ملیۆن و ١٥٠ هەزار کەسە نیشتەجێی شاری سلێمانین.



بەپێی ڕاپۆرتی دەستەی ئامار ٢١ %ی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان گەنجن كە تەمەنیان لەنێوان ١٥ بۆ ٢٤ ساڵە.



بەرێوەبەری ئاماری سلێمانی دەڵێت: جگە لە دانیشتوانی هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان، ئاوارەكانیش بوونەتە بەشێك لە دانیشتوانی هەرێمی كوردستان و ئاماری دانیشتوانی هەرێم بە ئاوارە و ناوچە کوردستانییەکان گەیشتۆتە نۆ ملیۆن و ٨٥٠ هەزار کەس کە ملیۆنێك و ٥٠٠ هەزار کەسی ئاوارەیە.



ئەو بەرپرسەی ئاماری هەرێمی كوردستان باسی لەوەشکرد کە زیادبوونی ئەو ژمارە زۆرەی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان لەو ماوە كەمەدا فشاری بۆ سەر حكوومەت و دامەزراوە خزمەتگوزاریەكان دروست کردووە و خەرجیەكانی حكوومەتی زیادكردوە و خزمەتگوزارییەكانی شوێنی مانەو و كارەبا و ئاو و نیشتەجێبوون و رێگاوبانیش فشاری زۆریان كەوتۆتە سەر وچەند رۆژی تریش فشاری خوێندنیشی دەكەوێتە سەری.



مەحموود عوسمان لە بارەی رێژەی گەشەكردنی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات گەشەكردنەكە ٣% "لە جیهاندا رێژەی گەشەی دانیشتووان ١/٦ ـە، بەڵام لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و لە عێراق و هەرێمی كوردستان گەشەكردنی رێژەی دانیشتووان ٣%ـە، واتە لە وڵاتانی دیكە شێوەی هەڕەمی هەڵگەڕاوە و لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست شێوەی هەڕەمییە، بەڵام لە كوردستان گەشەی دانیشتووان هێلكەییە و تەمەنی گەنجمان زۆرترە".



داهاتی تاك لە هەرێمی كوردستان ٣٦٦ هەزار دینارە لە مانگێكدا، داهاتی خێزانیش لە هەرێمی كوردستان نزیكەی٢ ملیۆن و ٥١ هەزار دینارە. بە گووتەی ناوبراو، دوای رووخانی رژێمی بەعس گەشەكردنێكی بەرچاو لە باشووری كوردستان هاتووەتە ئاراوە و وێرای گەشەكردنی دانیشتوان، داهاتی تاكەكەسیش زیادبووە و هەر تاكێك داهاتی ساڵانەی پێنج هەزار دۆلارە.



مەحموود عوسمان، بەڕێوەبەری ئاماری سلێمانی، پێشیوایە بەهۆی ئەو ئابڵوقەی لە لەلایەن بەغداوە خراوەتە سەر هەرێمی كوردستان، گەشەكردن و داهاتی تاكەكەس كەم بۆتەوە.



ناوبراو باسی لەوەیکرد کە هەرێمی کوردستان لە ماوەی 15 ساڵی رابردوودا لە رووی پەروەردە، دابینكردنی خزمەتگوزاری، كەمكردنەوەی جیاوازی رەگەزی، رۆشنبیری، ئاسایش و ئازادی پێش عێراق کەوتۆتەوەو لە زۆر وڵاتانی ناوچەكە باشتربووە، بەڵام لە گەشەپێدانی ئابوریی و مرۆیی ئەمساڵ گەڕاوەتە دواوە و لە ئێستادا لە حاڵەتی جەنگداین لە گەڵ دەوڵەتێكی تیرۆرست، بەڵام گەشبینین دۆخەكە بگەرێتەوە ئاسایی و ئەو دۆخە تێبپەرێت.





RW
Top