چەكدارانی پەكەكە ڕێگرییان كرد یارمەتیی سەربازی و مرۆڤی بگاتە دەڤەری شنگال
سەرچاوەكە گوتی: "ڕێگرییەكانی پەكەكە تا ئێستا زۆر ئاستەنگ و مەترسیی لەسەر خەڵكەكە و هێزەكانی پێشمەرگەی پارێزەری كوردانی ئێزیدیی و چیاكە و مەزارە پیرۆزەكانی ئێزیدیی دروست كردووە و پێشمەرگە هەر خۆیان لاداوە و نەیانویستووە كێشەكە گەورە ببێت، بەڵام كە كار گەیشتە ئەوەی ڕێ لە بژێوی ژیانی لێقەوماوانی چیاكە بگرن كە مانگێكی تەواوە تیرۆریستانی داعش گەمارۆیان داون، مانای وایە دەستیان لەگەڵ دەستی داعشە".
سەرچاوەكە ئاماژەی دا کە ئەو چەكدارانەی پەكەكە دەڵێن گوایە هاتوون بۆ پاراستنی خەڵكەكە، بەڵام ئێستا وەك داعش ڕێ لە ژیانی خەڵك و هاوكاری سەربازیی ئەو پێشمەرگانە دەگرن كە مانگێكە موقاوەمە دەكەن و نەیانهێشتووە داعش چیاكە بگرێت و بەو موقاوەمەیەشیان زیاتر لە سەد هەزار كوردیی ئێزیدیی مەدەنییان پاراستووە تا بەهاوكاریی ئاسمانی فڕۆكە ئەمەریكییەكان ڕێیان بۆ كردنەوە و گەیشتنە دهۆك ".
سەرچاوەكە تەئكیدی كردەوە: "ئەم ڕەفتارە نائینسانی و نانەتەوەییەی چەكدارانی پەكەكە بووەتە جێی ناڕەزاییەكی فراوانی خەڵكەكە و توڕەبوون و بێزارییان و دوور نییە كێشەی گەورەی لێ بكەوێتەوە".
گوتیشی "هیوادارین ئەو برادەرانە واز لەم ڕەفتارە بێنن و ئەسڵەن ئەوانە خەڵكێكی غەریبن و چیای شنگال هی شنگالییەكان خۆیانە. هیوادارین نەیگەنە جێیەك كێشەی لێ بكەوێتەوە و داعش قازانج و خەڵكەكە و شنگال و كوردستان زیان بكەن و هەر ڕووداوێكی ناخۆش و نەخوازراو ڕووبدات ئەوان بەرپرسیارن".
سەرچاوە مەیدانییەكە لە كۆتاییدا گوتی: "ئەگەر ئەوانە بۆ هاوكاریی خەڵك هاتوون سوپاسیان دەكەین و دەستیانخۆش. خۆ ئەگەر بۆ ڕێگریی و حزبایەتی و ئاڵا بەرزكردنەوە هاتوون، ئەوە ئەوان و داعش فەرقییان نییە و چاریان نییە دەبێت چیاكە چۆڵ بكەن و بگەڕێنەوە بۆ ئەو جێیەی لێوەی هاتوون".
جێی باسە، لەگەڵ هاتنی داعشدا، چەكدارانی پەكەكەش چوونە شنگال و لەو ڕۆژەوە دەیان كێشەیان لەگەڵ خەڵكە لێقەوماوەكە و پێشمەرگەكانی چیاكە دروست كردووە وتەنیا خەریكی خەڵەتاندنی گەنجەكان و بەزۆر چەكداركردنی مێرمنداڵەكان و ڕفاندیان و ئاڵا بەرزكردنەوە پەكەكەن.
ساڵی پار، تیرۆریستانی داعش، هێرشیان كردە سەر تەواوی گوند و شارۆچكەكانی كوردانی ئێزیدیی لە كوردستانی سوریا و هەرهەموویان داگیر كرد و خەڵكەكەكەش، كە هەموویان كوردانی ئێزیدیی بوون، یان كوژران یان هەڵاتن و ئێستا زۆرینەیان لە كۆبانی و عەفرین و خێوەتگەكانی توركیادان.
