ئەردۆگان دەیەوێت سەرۆكێكی بەهێز بێت بۆ ئەوەی توركیای نوێ بەرەو ئایندەیەكی گەش ببات
هەروەها سامی كۆهین گوتی: پڕۆفیسۆر داود ئۆغڵۆ كە پێشتر كەسێكی ئەكادیمی بووە، دە ساڵ ئەزموونی لە سیاسەت و دیبلۆماسیدا هەیە و لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا وەزیری دەرەوە بووە، ئەندامی پەرلەمانیشە. ئەو توانای رۆشنبیری و تمووحی سیاسی تێكەڵ كردووە. لەو كۆبوونەوەی ئاك پارتی- كە پێشتر ئاماژەم پێكرد-، وەك سەرۆك وەزیرانی راسپێدراو دەركەوت و بە كۆدەنگی دەنگی لەسەر درا. ئێستا ئەو بەڕاستی و بە فەرمی كراوە بە سەرۆك وەزیران، ئەگەرچی لە ئێستادا سەرقاڵی دروستكردنی كابینە نوێی حكومەتە و پێویستە بە متمانەی پەرلەمانەوە لە كۆتایی ئەم هەفتەیەدا تەواو بێت. پڕۆفیسۆر داود ئۆغڵۆ رۆشنبیرێكە و پڕۆژەی درێژخایەنی هەیە دەربارەی ئەوەی دەبێت توركیا لە هەمو بوارەكانی ژیاندا بیكات، لە بواری سیاسەتی ناوخۆدا، لە بواری دیموكراسی و ئازادی رادەبڕین و .. هتد، هەروەها لە بواری ئابووری و كەلتوور و كاروباری دەرەوە. لەو كۆبوونەوەی بە كۆی دەنگ، دەنگی لەسەر درا، وتارێكی درێژی پێشكەش كرد و پڕۆگرامێكی نۆ خاڵی خستەڕوو، كە جۆرێكە لە ئایدیا و لە نەخشەڕێگە بۆ توركیا، كە پتر هاوشێوەی ئەوەیە كە پێشتر بەڕێز ئەردۆغان وتی و پلانی بۆ دانابوو، كە توركیایەكی سەقامگیر و بەهێزی دەویست، بەڵام بەدڵنیاییەوە چاكسازی و گۆڕانگاری زۆریشی ئەنجامدا لە ئابووری و سیاسەتی ناوخۆی و بوارەكانی دیكەی چالاكیدا. مەسەلەكە ئەوەیە ئاك پارتی بەردەوام دەبێت.
شاياني باسە كوهین گوتی: ئەرۆدغان و بەڕێز داود ئۆغڵو ئەم دوو كەسایەتیە زۆر باش ناسراون بەوەی كاریان بۆ ئەوە كردووە پەیوەندی نزیكیان لەگەڵ كوردستاندا هەبێت، ئەوان ئەندازیاری ئەوە بوو، لە نزیكەوە لە نێوان ئەنقەرە و هەولێر هاوكاری هەبێت. كەواتە چاوەڕێی ناكرێت ئەم ئیدارە نوێیە لە ئەنقەرە بایەخێكی كەمتر بەم پرسە بدات، بەڵكو بەردەوامیدانێك دەبێت بە هەمان سیاسەت بۆ ئەوەی پەرەی زیاتر بە پەیوەندییەكان بدرێت و بواری نوێ بكرێتەوە بۆ هاوكاری. بە دڵنیاییەوە یەكێك لە ئاماژەكانی ئەو هاوكارییە بەم دواییە لە بواری وزەدایە، لە بواری نەوتدایە كە لە كوردستان بەرهەم دەهێنرێت و هەناردە دەكرێت بۆ توركیا و لەوێشەوە بۆ بازاڕە دەرەكییەكان. كەواتە لە رووی ئابووری و سیاسی و كەلتوورییەوە، هەماهەنگی زیاتر و پەیوەندی زیاتر لە نێوان هەردولادا دەبینین.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە (991)
