لە ناوچەی مەخموور دام و دەزگاكانی حكومەتی هەرێم دەستی بەكارەكانی دەکاتەوە

لە ناوچەی مەخموور دام و دەزگاكانی حكومەتی هەرێم دەستی بەكارەكانی دەکاتەوە
زۆربەی دام و دەزگاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ناوچەی مەخموور دەستیان بەكارەكانی خۆیان كردۆتەوە، دوای پاكردنەوەی لە چەكدارانی رێکخراوی داعش لەلایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە.

‌لەم بارەیەوە ئیبراهیم شیخەللا قائیمەقامى شارۆچكەی مەخموور بە ماڵپەری حكومەتی هەرێمی كوردستانی گوت کە ئێستا رەوشی ناوچەكە ئاسایی بوویتەوە و "دەزگاکانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستیان بەكاری رۆژانەی خۆیان كردۆتەوە، تەنها فەرمانگەی باری شارستانی نەبێت كە ئەویش بریارە لە چەند رۆژی داهاتوو بگەرێتەوە و دەست بە راپەڕاندنی كاروباری هاوڵاتیان بکاتەوە."

‌هەروەها گوتی" هاوڵاتیانیش لە كورد و عەرەب بەرێژەیەكی بەرچاو گەراینەوە سەر ماڵ و شوێنی خۆیان. هەرچەندە تەنها بەشێكی زۆر كەم لە عەرەبەکان، بەراستەوخۆ یا ناراستەوخۆ، هاوكاری چەكدارانی داعشیان كردووە، بەڵام زۆربەیان لەگەڵ هاوڵاتیانی كورد بەرەو ناوچەكانی كوردستان ئاوارەببوون".

لە لایەکی ترەوە قائیمەقامی شارۆچكەی مەخموور رایگەیاند کە "بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی حکومەتی عیراقی فیدرالییەوە لیژنەیەك پێكهاتووە بۆ ئەوەی بڕی پارەیەکی دیاریکراو بە هەر خێزانێكی ئاوارەی ناوچەكە بدرێت وەک قەرەبوو".

هەروەها گوتی کە "هەر چەندە جارێ هیچ بودجەیەك لەلایەن هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عیراقی فیدرالییەوە تەرخان نەكراوە بۆ قەرەبووكردنەوەی زیانپێكەوتووان، بەڵام بەرێگای دوو لیژنەوە، دارایی و یاسایی، لە سنووری ناوچەكە هەموو زەرەر وزیانەكانی هاوڵاتیان تۆمار دەكەین و داواشمان لەهاوڵاتیانی ناوچەی مەخموور كردووە ئەوانەی كە زیان بە بەر ماڵ و موڵكیان كەتووە سەردانی ئەم لیژنانە لە بارەگای قایمەقامیەتی مەخموور بكەن و داوكاری خۆیان پێشكەش بە لیژنەكان بكەن. ئەم لیژنانە هەموو داواكاری هاوڵاتیان وەردەگرن و دیراسەت دەكەن بۆ ئەوەی لە داهاتوودا قەرەبوو بكرێنەوە".

‌جگە لەمەش دەزگای خێرخوازی بارزانی و كۆمەڵێك لە سەرمایەدارانی كورد لەم ناوچەیە هاوكاری خەڵك و هێزی پێشمەرگەیان كردووە و رۆژانە خۆراك و خواردەمەنی بۆ هێزی پێشمەرگە دابین دەكەن. هەروەها لەلایەن وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی حكومەتی عیراقی فیدرالییەوە لە چەند رۆژی رابردوو هەندێك هاوكاری لە بەشی خۆراك پێش كەش بە هاوڵاتیانی شاری مەخموور كراوە.‌‌

کێشەکان وهەوڵی چارەسەریان

سەبارەت بە كێشەكانی ناوچەكە، قائیمەقامی مەخموور رایگەیاند "لەگەڵ سەرهەڵدانی ئەم دۆخە دوو كێشەی سەرەكی دروست بوون ئەویش كێشەی ئاوی خواردنەوە و كێشەی كارەبایە. بۆ چارەسەركردنی كێشەی ئاو، دوای سەردانی وەزیری شارەوانی و پارێزگاری هەولێر بۆ ناوچەكە و داڕشتنی بەرنامەیەك بەمەبەستی چارەسەری، دەستمان كرد بە لێدانی بیری ئاو و راكێشانی تۆڕی ئاو بۆ ئەوەی قەرەبووی ئەو ئاوە بكەینەوە كە پێشتر لە سۆلتان عەبدوللا و قەراج بۆ مەخمور دەهات و توانیمان تارادەیەك كێشەكە چارەسەربكەین."

دەربارەی كێشەی كارەباش، لە ئەنجامی شەڕ و پێكدادان، "بەشێكی زۆری هێلەكانی كارەبا بچرابوون و هەموو فەرمانبەرانی كەرتی كارەبا لە كورد و عەرەب رۆیشتبوون. فەرمانبەرە عەرەبەكان نەگەراینەوە و فەرمانبەرانی كوردیش زۆربەیان كێشەی هاتووچویان هەیە چونكە بەتەواوەتی نەگەراینەوە بۆ سەر ماڵ و شوێنی خۆیان و رۆژانەش ناتوانن بێنە دەوام، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا تارادەیەكی باش تیمەكانی تایبەت بەچارەسەركردنی هێلەكانی كارەبا ئەم گرفتەیان چارەسەر كردووە."

سەبارەت بە كەرتی تەندروستی، ئیبراهیم شێخەللا ئاماژەی بەوە دا كە "ستافی كەرتی تەندروستی لە مەخموور لە دوو بەش پێكهاتوون، بەشێك سەر بە مووسڵ بوو كە لەگەڵ ئەم رووداوانە هەموو كارمەندەكانی رۆیشتوونە و نەگەراینەوە و بەشێك سەر بە هەولێر بوو كە كارمەندەكانی لەكاتی شەڕیش ئامادەبوونێكی باشیان هەبوو و ئێستاش بەهەمان شێوە بەردەوامن لەسەر كاری خۆیان و لە رووی تەندروستیەوە مەخموور كێشەیەكی ئەوتۆی نییە".

سەبارەت بە زەرەر و زیانەكانی دام و دەزگاكانی حكومەتی هەرێم لە ناوچەكە رایگەیاند"چەكدارانی داعش زۆربەی دەرگا و پەنجەرەكانی بناکانی ئەم دەزگایانەیان شكاندبوون و بەشێك لە كەلوپەل و بڕێك لە پارە لە هەردوو فەرمانگەی تێبینەری خانوبەرە و شارەوانی و هەندێك كەلوپەلی تر لەگەڵ چوار ئۆتۆمۆبێلی ئاگركوژینەوە و بڕێكی سوتەمەنیان بردووە".

سەبارەت بە سایلۆی مەخموور، کە یەکێکە لە ناوەندە سەرەکیەکانی کۆکردنەوەی دەغڵی جوتیاران، گوتی"هەندێك زەرەری ماددی بە ئیدارە و بەشەكانی كەوتووە، بەڵام دووربووە لە گەنم و دانەوێلە و جوتیارانیش، بەتایبەتی ئەوانەی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان گەنم و دەنەوێلەیانی لێ وەرگرتووە دڵنیادەكەینەوە كە لە رێگای وەزارەتی بازرگانیەوە لە هەوڵی ئەوەداین بۆ ئەوەی لەماوەیەكی زۆر كورتدا دەست بكەین بە پێدانی پارەی گەنم و دانەوێلەكانیان."

سەبارەت بە كێشەی سوتەمەنی و بەنزین لە ناوچەكە ئیبراهیم شێخەللا گوتی كه دوو وێستگەی دابەشكردنی بەنزین ئێستا لە ناوچەكە بەنزین بە هاولاتیان دەدەن و لە ماوەیەكی كەمیش دا بەنزیخانەی حكومی لە مەخموور دووبارە دەكرێتەوە و دەست بە دابەشكردنی بەنزین دەكات بۆ هاوڵاتیان.

ناوچەی مەخموور كە لە قەزای مەخموور و ناحیەكانی گوێرو كەندیناواو قەراج پێكهاتووە، بەپێی ناسنامەی باری شارستانی و كارتی خۆراك، ژمارەی دانیشتوانی نزیكەی دوو سەد هەزار كەس دەبێت و رێژەی كورد لەم ناوچەیە لە 75 لەسەد زیاترە. ئێستا زیاتر لە 90 لەسەد لە خاكی ناوچەكە لەلایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە رزگاركرایتەوە و هێزی پێشمەرگە لە زۆربە ئەو شوێنانەیە كە پێش هاتنی چەكدارانی رێکخراوی داعش لێی بووە، رۆژانەش لە پێشرەویدان بە مەبەستی زیاتر كرۆنترۆڵكردنی ناوچەكە و پاكردنەوەی لە چەكدارانی ئەم رێکخراوەیە.
Top