پێشمەرگە و سوپا لە سێ قۆڵەوە لە پێشڕەویدان بەرەو ئامرلی

 پێشمەرگە و سوپا لە سێ قۆڵەوە لە پێشڕەویدان بەرەو ئامرلی
دوو رۆژە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عێراق و چەکدارانی خۆبەخشی شیعە لە پێشڕەویدان بۆ رزگارکردنی شارەدێی ئامرلی تورکماننشین لە هەڕەشە و گەمارۆی چەکدارانی گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش، کە ماوەی 80 رۆژ زیاترە ئامرلیان گەمارۆداوە.

رائید فارووق ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاسایشی خورماتوو بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:
"هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عێراق و چەکدارانی خۆبەخشی شیعە لە قۆڵەکانی گووندی حەفرییە لەدیوی شارۆچکەی کفری و گووندی سەلام لە دیوی شارۆچکەی خورماتوو و گووندی ئینجانە لە دیوی شارۆچکەی عوزێم لە پێشڕەویدان بۆ رزگارکردنی شارەدێی ئامرلی لە گەمارۆی چەکدارانی داعش".

رائید فارووق گوتیشی "هێزەکانی پێشمەرگە هاوکات لە پێشڕەویدان بەرەو گووندی یەنگیجە کە دەکەوێتە نێوان خورماتوو و شاری تکریت ناوەندی پارێزگای سەڵاحەدین، کە زیاتر لە دوو مانگە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە کۆنترۆڵکراوە، بەڵام شارەدێی سلێمان بەگ هێشتا لەژێر کۆنترۆڵی داعشەو بەو هۆیەوە رێگەی نێوان کەرکووک بەغدا هێشتا داخراوە".

هاوکات مەهدی تەقیەددین، نوێنەری شارەدێی ئامرلی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "فڕۆکە ئەمریکییەکان دوێنێ و کاژێر سێی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ خۆراک و ئاویان بۆ دانیشتووانی گەمارۆدراوی ئامرلی بەرداوەتەوەو دۆخی مرۆیی خەڵکی ئامرلی ئێستا باشترە".

شارەدێی ئامرلی دەکەوێتە دووری 95 کیلۆمەتر لە باشووری کەرکووک و زۆربەی دانیشتووانی کە بەقسەی نوێنەری شارەکە لە ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین نزیکەی 18 هەزار کەس مەزەندە دەکرێن و تورکمانی شیعە مەزهەبن بەهۆی گەمارۆدانی لەلایەن چەکدارانی داعش هیچ رێگەیەک نییە بۆ هاتوچۆکردن بۆ ئامرلی.









رووداو
Top