سەرۆك بارزانی پێی گوتین 1000 پێشمەرگەش شەهید بێت دەستبەرداری شنگال نابین
هەروەها تەحسین بەگ گوتی: بەڕاستی هەڵوێستی جەنابی سەرۆك بارزانی جێگەی شانازییە، رۆژێك دوای ئەوەی شنگال وای بەسەر هات، ئێمە لەگەڵ سەرۆك بارزانی كۆبوونەوەمان كرد، جەنابی سەرۆك لەو كۆبوونەوەیە راشكاوانە هەڵوێستی خۆی راگەیاند و پێی گوتین ئێمە تەنازول لە شنگال ناكەین و ئەگەر زیاتر لە 1000 پێشمەرگە شەهیدیش بدەین، ئەوا دەست لە شنگال هەڵناگرین، ئەوەی لێرەدا دەمەوێت ئاماژەی پێبكەم، ئەوەیە ئەو كارەساتەی هاتەپێشەوە لەتوانای هەرێمی كوردستان گەورەتر بوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا و وێرای ئەو بارە قورسە هەڵوێستی جەنابی سەرۆك بارزانی زۆر راشكاوانە بوو، هەر بۆیە هەڵوێستی سەرۆك بارزانی كاریگەری گەورەی لەسەر ورەی ئێزیدییەكان هەبووە، ئێمەش وەك ئێزیدی دەستبەرداری نیشتمانی خۆمان و شنگال نابین، لەبەر ئەوەی شنگال بەشێكە لە كوردستان و لە كوردستان جیانابێتەوە، شنگال كەرامەت و نامووسی ئێمەیە و هەموومان ئامادەین لە پیناوی ئازادكردنی شنگال قوربانی بە هەموو شتێك بدەین.
شايانى حازم تەحسین گوتی: جەنابی سەرۆك بارزانی، تەنها سەرۆكێكی ئاسایی نیيە، واتە بەس لەسەر ئاستی ناوخۆ كاریگەری هەبێت، بەڵكو ئەم رووداوانە دەریانخست كە هەموو جیهان رێز لە سیاسەتی سەرۆك بارزانی دەگرێت، ئەمەش بەرەنجامی ئەو پەیوەندییە فراوانەی بەڕێزیانە لە گەڵ ئەوروپا و ئەمریكا و هەموو جیهان، هەروەها هەڵوێستەكانی سەرۆك بارزانی لای یەكێتیی ئەوروپا و ئەمریكا سەنگی خۆی هەیە، بۆیە ئەو وەڵامدانەوە جیهانیيە بۆ هەڵوێستەكانی سەرۆك بارزانی جێگەی شانازییە بۆ نەتەوەی كورد، بە راستیش ئەگەر سەرۆك بارزانی بەرگری لە ئێزیدی نەكردایە و بەرگری لە كورد نەكردایە، ديار نەبوو زۆر لەوانە خراپتریشمان نەبینین. بۆیە سەرۆك بارزانی بە لۆژیك و فیكری خۆی هەنگاوی زۆر گەورە و خێرای هەڵگرت و ئێستاش وەك دەبینین رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر هەنگاوەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەكە بە تەواوەتی بەرەو پێشەوە دەچێت، لەمەش زیاتر زۆر گرنگە جیهان بە تەواوەتی لەو كارەساتە ئاگادار بكرێتەوە كە بەسەر كوردانی ئێزیدی هاتووە، دوای 10 ساڵ بەسەر رووخانی رژێمی سەدام حوسێن و رزگاركردنی عێراق لە دیكتاتۆریەت، دەوڵەتێكی تیرۆریستی بووە دراوسێی كوردستان، كە ئەویش دەوڵەتی داعشە، ئەوەی تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی بەرامبەر ئێزیدییەكان دەیكەن، دوورە لە هەموو داب و نەریتێكی مرۆڤایەتی و مافەكانی مرۆڤە و دوورە لە رەفتاری موسڵمانان و ئیسلام و دوورە لە هەموو ئایینەكان.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە (990)
