پێویستمان بە نەخۆشخانەیەكی سەربازی تایبەت و ئەمبۆڵانسی گوللەنەبڕ هەیە
لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان لیوای پزیشك د. موحسین محەمەد گوتی: لەگەڵ دامەزراندنی وەزارەتی پێشمەرگە، بایەخ بە پزیشكی سەربازی دراوە، هەروەها دەرگا كراوەتەوە بۆ ئەوەی ئەو پزیشكانەی گیانی پێشمەرگایەتییان تێدایە، بێنە ریزی هێزی پێشمەرگە و لەم كەرتە گرنگە رۆڵی خۆیان بگێڕن، بەڵام ئەم لایەنە بە بەراورد بە فراوانی بەرەكانی شەڕ لەو ئاستە نییە كە بتوانێت بەشی هەموو بەرەكانی شەڕەكە بكات، ئەمەش یەكێكە لەو كەموكورتییانەی كە ئێستا بوونی هەیە و ئەگەر بمانەوێت هێزی پیشمەرگەی كوردستان سوپایەكی دامەزراوەی وڵاتێك بێت، ئەوە دەبێت ئەم لایەنەش زیاتر بایەخی پێبدرێت، لەبەر ئەوەی كاتێك هێزی پێشمەرگە وەك سوپای كوردستان پارێزەری خاكی كوردستانی لەسەر شان بێت، ئەوا پێویستمان بە كادیری پزیشكی و دامەزراوەیەكی پێشكەوتووی پزیشكیی سەربازی فراوان و مۆدێرن دەبێت، چونكە پزیشك و كادیری پزیشكی سەربازی شانبەشانی یەكە سەربازییەكان بەرگری دەكات و خزمەت بە سەنگەرەكانی پێشەوەی پێشمەرگە دەكات .
هەروەها دكتور موحسين گوتی: هەموو پزیشكان ئامادەن خزمەت بە هێزی پێشمەرگە بكەن لەكاتی پێویستدا، ئەمەش جێگەی رێز و پێزانینانە بۆ هەستی هەموو پزیشكان و كادیرانی بواری تەندروستی لەكوردستان، بەڵام لەبەر ئەوەی شێوازی كاركردن لە بەشی پزیشكی سەربازی، شێوازێكی سەربازییانەیە، جاری واهەیە پێویستە 24 كاتژمێر لە خزمەتكردندا بن، ئەوا لەوانەیە زۆربەیان نەخوازن بێنە سەر میلاكی وەزارەتی پێشمەرگە، لەمەش زیاتر پزیشكی سەربازی دەبێت خۆڕأگر و شارەزایی سەربازیشی هەبێت، چونكە ئەوان لەناو پاڵەپەستۆ و بارودۆخێكی دژوارتردا كار دەكەن و كاركردن لەمبوارەدا جیاوازترە لەكاركردنی مەدەنی. ئەمە جگە لەوەی ئیمتیازاتی پزیشك و كادیرەكانی تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستی زیاترە، هەروەها ئێمە ناتوانین یەكەكانی پزیشكی مەیدانی دروست بكەین، لەكاتێكدا دەبێت لەهەر میحوەرێك یەكەی مەیدانی كارامان هەبێت و بەهەموو پێداویستی بینایەو چادرو ئەمبۆڵانس و ئامێری پزیشكییەوە.
شایانی باسە د. محمد گوتی: بریندارەكانی پێشمەرگە وەكو هاووڵاتی مەدەنی لەلایەن پزیشكی مەدەنییەوە لە نەخۆشخانەكانی وەزارەتی تەندروستی چارەسەر دەكرێن و چارەسەری تایبەتیان نییە، هەر بریندارێكیش پێویستی بە دەرەوەی وڵات هەبێت، لە رێگەی لیژنەیەكی تایبەت و بە راپۆرتی پزیشكی بەخێراترین ماوەی پێویست بۆ چارەسەر رەوانەی دەرەوەی وڵات دەكرێت، چارەسەركردنی ئەم بریندارنەش لە دەرەوەی وڵات لەسەر خەرجی وەزارەتی پێشمەرگەیە و تائێستا وڵاتان هاوكارییان نەكردووین.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە (990)
