سەرۆک بارزانی دوو بڕیار بۆ باشتركردنی گوزەرانی پێشمەرگە پەسنددەكات
دوای ئەوەی پەرلەمانی کوردستان لە دانیشتنی ئاسایی ژمارە (18) ڕۆژی 23-7-2014 کۆمەڵێک بڕیاری سەبارەت بە ژیان و گوزەرانی پێشمەرگە و هێزەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەرکرد و بە ئیمزای سەرۆکی پەرلەمان، ڕەوانەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کرا، ئەمڕۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان(مەسعوود بارزانی)، هەردوو بڕیارەکەی واژۆ کردن، لەمڕۆیشەوە هەردوو بڕیارەکە دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە.
سەرچاوەیەک لە نووسینگەی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانەوە لە ڕاگەیەنراوێکدا سەبارەت بەو دوو بڕیارەی پەرلەمان، رایگەیاند "هەردوو بڕیاری ژمارە (18-19)ی پەرلەمانی کوردستان، ئەمڕۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، هەردوو بڕیارەکەی بە ژمارەی (8-9)ی ساڵی 2014 واژۆ کرد."
سەبارەت بە ناوەڕۆکی ئەو دوو بڕیارەی پەرلەمانیش، سەرچاوەکەی نووسینگەی پەرلەمان گوتی "ئەم بڕیارە 12 خاڵ لەخۆ دەگرێت، تایبەتە بە نیشتمانیکردنی ئەو هێزانە و دابینکردنی ئامێر و کەرەستەی پێویست بە کارەکەیان و یەکخستنی دەزگا ئەمنییەکان لە ناوچە هاوبەشە کوردستانییەکان، کە پیشتر لە دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بوون، لەگەڵ چەند خاڵی گرینگی تردا."
دەربارەی بڕیاری تایبەت بە پێشمەرگەیش، ئەو سەرچاوەیەی نووسینگەی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان وتی "لەم بڕیارەدا 21 خاڵی گرینگ هەن، لەوانە پێویستە وەزارەتی پێشمەرگە یەکەم وەزارەت بێت موچە وەربگرن، سەرفکردنی دەرماڵەی مەترسی بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان، یەکخستنی هەموو هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بە تایبەتی هێزەکانی (70-80) چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا لە ماوەی 6 مانگدا، دابینکردنی خواردنی تەندرووست بۆ هێزەکانی پێشمەرگە، پێویستە حکوومەتی هەرێم ئەرکی چارەسەری بریندارەکان لە ئەستۆ بگرێت، پێویستە هەموو ئەو چەک و ئامێرە سەبازییانەی کەوتوونەتە دەست هێزە جیاجیاکان بگەڕێنرێنەوە بۆ وەزارەت پێشمەرگە، لەگەڵ چەند خاڵێکی تردا."
