دەزگای خێرخوازیی بارزانی سەرژمێری گشتی پەنابەرانی كەمپەكان دەكات

دەزگای خێرخوازیی بارزانی سەرژمێری گشتی پەنابەرانی كەمپەكان دەكات
دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەمەبەستی رێكخستنی ئیش و كاروبارەكانی پەنابەران لە سەرجەم كامپەكاندا, لەپارێزگای دهۆك هەڵدەستێ بەسەرژمێریی كردنی سەرجەم پەنابەران و دروستكردنی كارتی وەرگرتنی خۆراك و پێداویستیان بۆ دروست دەكەن, هاوكات لە لەدرێژەی هەڵمەتەكانی دەزگادا خۆراك و پێداویستی و ژەمە خۆراك بۆ زیاتر لە 9 هەزار خێزانی پەنابەرو هێزی پشتیوانی پێشمەرگەی كوردستان دروست دەكات.





رۆژی 23/8/2014 بەمەبەستی رێكخستن و سەرژمێرییكردنی پەنابەرانی كەمپەكان لە پارێزگای دهۆك, بۆ یەكەمین جار لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانیەوە هەڵمەتی ناونوس و كۆكردنەوەی زانیاری لەسەر خێزانە پەنابەرەكانی شەنگال و دەوروبەری دەستی پێكرد, ئامانج لەو هەڵمەتەش رێكخستنی ئیش و كارەكان و هەروەها دابەشكردنی كارتی وەرگرتنی خۆراك و داتاكردنی ژمارەی پەنابەرانە لەسەرجەم كامپەكاندا. جگە لەو هەڵمەتە تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەردەوامن لە دروستكردنی خواردنی دوو ژەم بۆ پەنابەران لە كەمپی كەنداڵا 2100 خێزان سوودمەندبوون, هاوكات لە بامەڕنێ بەهەمان شێوە جێ خواردنی خێرای وەك گۆشتی سور و گۆشتی مریشكی لە قوتونراو و فاسۆلیاو دەیان جۆری دیكەیان بەسەر 1200 خێزاندا دابەشكرد.



لەلایەكی دیكە لە ناحیەی شیلادزێ و شارۆچكەی شەقڵاوە تیمەكانی ئۆفیسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەشێوەیەكی بەردەوام خۆراك و پێداویستی بەسەر پەنابەرانی شەنگالدا دابەش دەكات, هاوكات لە ناحیەی شیلادزێ ئۆفیسی دەزگا بەردەوامە لەسەر دابەشكردنی معەلەبات و سەمون قاپ و قاچاخ بەسەر خێزانە پەنابەرەكاندا جگە لەوەش لەناحیەی مانگێشك و 33 گوندی سەر بەناحیەكە تیمەكانی دەزگا هاوكارییان بەسەر 1200 خێزانی مەسیحی و ئێزدی دابەش كرد جگە لە دابەشكردنی 700 بەتانی و دۆشەك بەسەریاندا, هەروەها لە ناحیەكانی ئامێدی و دێرەلوك و سەرسنگ بەهاوكاری لەگەڵ رێكخراوی خۆراكی جیهانی نان و معەلەبات و مرەباو شەكر و كێكیان بەسەر 3430 خێزانی ئاوارەی ئێزدی و مەسیحی دا دابەشكرد.



لەلایەكی دیكە دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەهاوكاری لەگەڵ رێكخراوی خۆراكی جیهانی و وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان رۆژانە خواردنی گەرم بۆ هێزەكانی پشتیوانی پێشمەرگەی كوردستان لە میحوەرەكانی (باشیك و خازر و گوێڕ و مەخمور) دروست دەكات, بۆ ئەمڕۆش خواردنیان بۆ 2300 پێشمەرگەی هێزی پشتیوانی دروستكرد و لەرێگای تیمی تایبەتەوە رەوانەی میحوەرەكان دەكرێ. لە شارۆچكەی شەقڵاوەش پاش كۆتاییهاتنی مانگی یەكەمی پرۆژەی دابەشكردنی خۆراك بەسەر پەنابەراندا, دەستكرا بە دابەشكردنی خۆراكی مانگی دووەم بەسەر 7 هەزار خێزانی پەنابەردا كە رۆژانە 1000 خێزان بەشە خۆراكی مانگێكی تەواو وەردەگرن كە بریتیە لە 72 كیلۆگرام لە خۆراكی جۆراوجۆر.



لەلایەكی دیكە لە كەمپی بەحركە ئۆفیسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی رۆژانە لەرێگەی خواردنگەیەكەوە دوو ژەم خواردن بۆ زیاتر لە 2600 كەس دروست دەكات و بەسەریاندا دابەشی دەكات, جگە لە دابەشكردنی شیرو بەفر و پێداویستی منداڵان بەسەر 450 منداڵی كەمپەكەدا, هاوكات لە كەمپی دارەشەكران كە تایبەتە بە پەنابەرانی رۆژئاوای كوردستان تیمی دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەستا بە دابەشكردنی كەلوپەل و پێداویستی خاوێنكردنەوە بەسەر 2 هەزار خێزانی ناو كەمپەكەدا.
Top