داعش بەرپرسیارێتی لە تەقینەوەکانی هەولێر و کەرکووک راگەیاند

 داعش بەرپرسیارێتی لە تەقینەوەکانی هەولێر و کەرکووک راگەیاند
لە راگەیێندراوێکدا گرووپی داعش بەرپرسیارێتی لە تەقینەوەکانی هەولێر و کەرکووک راگەیاند و ناوی خۆکوژەکانیشی ئاشکراکرد.

بەپێی راگەیێندراوەكە كە داعش لەسەر ئینتەرنێت بڵاویكردووەتەوە، تیمێكیان لە كەركووكەوە توانیویەتی تەقینەوەیەك لە هەولێر ئەنجامبدات و ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە كە بۆ بەئامانجكردنی هێزەكانی ئاسایش بووە. كاژێر 6:12 خولەكی دوێنێ ئێوارە ئۆتۆمبێلێك لەسەر رێگای هەولێر كەركووك لە نزیك پەیمانگای تەكنیكی هەولێر تەقییەوە و بەهۆیەوە 4 كەس بە سووكی برینداربوون.

لە سێ تەقینەوەی جیادا دوێنێ یەكشەممە لەشاری كەركووك 21 كەس شەهیدبوون و 123 كەسیش برینداربوون كە زۆربەیان مەدەنی بوون. بەپێی راگەیێندراوەکەش خۆکوژەکان بریتیبوون لە: ئەبو ئەمنە ئەنساری ، ئەبو ئیبراهیم ئەڵمانی و ئەبویاسر ئەڵمانی.

لە راگەیێندراوەكەدا هاتووە: "بەهۆی بەستنی هاوپەیمانی نێوان کوردو ئەمریکاو بۆردوومانکردنی ناوچە سوننەکان، سێ شاسواری رێکخراوەکەمان بەرەو بنکەو بارەگاکانی ئاسایش و پێشمەرگە بەڕێكکەوتن و دووانیان لە رێگەی بەغداو دۆمیز خۆیان بەواندا تەقاندەوەو ژمارەیەکی بەرچاویان لێکوشتن، تەقینەوەی سێیەمیش لە بازاڕی رەحیماوە بووە کە شوێنی فرۆشتنی چەکە بە پێشمەرگە و لەم سێ کردەوەیەدا نزیکەی دوو سەد کوژراو برینداریان هەیە''.







رووداو
Top