زانیاری زیاتر لەسەر تەقینەوەكەی جەلەولا

زانیاری زیاتر لەسەر تەقینەوەكەی جەلەولا
بەیانی ئەمرۆ لەسەر رێگای سەرەكی كەلار – جەلەولا و لە نزیك گوندی حوسەینییە، دوو بۆمبی چێندراو بە هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستاندا تەقینەوە و بەهۆیانەوە پێنج پێشمەرگە شەهید و برینداربوون.





بەرپرسی ناوچەی جەلەولای پارتی دیموكراتی كوردستان، كامەران حەمەجان بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند: بەیانی ئەمرۆ لە نێوان گوندی حوسەینییە و جەلەولا، دوو بۆمبی چێندراو بە هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستاندا تەقینەوە و لە ئاكامدا چوار پێشمەرگە شەهیدبوون و هەروەها پێشمەرگەیەكی دیكەش برینداربووە.



كامەران حەمەجان، گوتی: تەرمی شەهید و بریندارەكان بۆ نەخۆشخانە گواستراونەتەوە و لە لایەن هێزە كوردستانیەكانیشەوە ناوچەی تەقینەوەكە كۆنترۆڵ كراوە و لە ئامادەباشیدان.



هەر بە پێی زانیارییەكان، شەوی رابردووش هەر لە گوندی حوسەینییەی نزیك جەلەولا كە ماوەی زیاتر لە هەفتەیەك بە دەست چەكدارەكانی داعشەوە بوو، بۆمبێكی چێندراو بە هێزێكی پێشمەرگەدا تەقییەوە و بەهۆیەوە دوو پێشمەرگە شەهیدبوون.



شایانی باسە، ماوەی دوو رۆژە شەروپێكدادانێكی قورس لە نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و چەكدارانی داعش لە سنووری شارەدێی جەلەولا بەردەوامە و پێشمەرگە تا رادەیەكی باش بەرەو شارەدێی جەلەولا پێشڕەوی كردووە و توانیویەتی چەند ناوچەیەكی دەوروبەری شارەدێکە كۆنترۆڵ بكات و هەروەها ژمارەیەكی زۆریشان لە چەكدارەكان کوشتووە.
Top