حکومەتی عێراق: ھەر کەسێک لە جەلەولا بمێنێتەوە داعشە
بەرپرسی ناوچەی جەلەولای پارتی دیموکراتی کورستان لە جەلەولا، کامەران حەمەجان بە ئاژانسی ھەواڵی پەیامنێری راگەیاند؛ فرۆکە جەنگییەکانی سوپای عێراق بە بەردەوامی بۆردومانی ناو شارەدێی جەلەولا دەکەن کە ئێستا بە دەستی چەکدارەکانی داعشەوەیە.
وتیشی، فرۆکەکان نووسراویان بۆ ھاووڵاتیانی ناو شارەدێی جەلەولا خستۆتە خوارەوە و لە نووسراوەکەدا داوا لە ھاووڵاتیانی ناوچەکە دەکرێت بەھۆی بۆردومانەکانەوە شارەدێیەکە چۆڵبکەن و ھەروەھا ئاگاداریشیان دەکاتەوە کە ھەر کەسێک بمێنێتەوە بە داعش ئەژماردەکرێت.
ئەوەشی خستەڕوو، ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە دەوروبەری جەلەولا بەرەو ناو شارەدێیەکە جوڵەیان کردووە و چونەتە پێشەوە.
نزیکەی ١٠ رۆژە شارەدێی جەلەولا بە دەستی چەکدارەکانی داعشەوەیەو ھێزە کوردستانیەکانیش لە دەرەوەی شارەدێیەکە جێگیربوون. لەو ماوەیەدا کە شارەدێیەکە بە تەواوی کەوتۆتە دەستی چەکدارەکانەوە، ژمارەیەک ھاووڵاتی کوژراون و بێ سەروشوێن بوون و ھەروەھا چەندین دەزگا و خانوو و شوێنی ئاینی و خانووی ھاووڵاتیانیان تەقاندۆتەوە.
