پرسی بە جێنۆساید ناساندنی قەتل و عامی کوردانی ئێزیدی و ھاووڵاتیانی مەسیحی دەگەیندرێتە پەرلەمانی ئەوروپا
لە لێدوانێکدا دلاوەر ئاژگەیی نوێنەری نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەورووپا رایگەیاند کە نوێنەرایەتیەکەیان لە برۆکسێل بە نوێنەرایەتی ھەرێمی کوردستان بە نیازە پرسی قەتل و عام کردنی کوردانی ئێزیدی و ھاووڵاتیانی کریستیان لە لایەن تیرۆریستانی داعش بەگەینێتە پەرلەمانی ئەورووپا و داوا بکات کە ئەم پرسە بە شێوەکی فەرمی وەکوو جێنۆساید بناسرێت.
ھەر بۆ ئەم مەبەستە نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەورووپا لە پەیوەندی دایە لە گەڵ کووتڵە جیاجیاکانی ناو پەرلەمان تاکوو لە کاتی دەستپێکی خووڵی تازەی پەرلەمان کە بڕیارە لە مانگی ٩ دەست پێ بکات زۆرینەی دەنگ بۆ ئەم مەبەستە کۆبکاتەوە.
جێگەی ئاماژە پێدانە کە نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان پەیوەندیەکی بەھێزی لە گەڵ لایەن و گرووپ و کوتلە جیاجیاکانی نێو پەرلەمانی ئەورووپا ھەیە و گەشتبینە بە پشتگیری کردنی پەرلەمانی ئەورووپا بۆ ناساندی ئەم پرسە وەکوو جێنۆساید.
