پۆلیس: بەریتانییەک لە هەولێر دەکوژرێ

 پۆلیس: بەریتانییەک لە هەولێر دەکوژرێ
بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، دوێنێ شەو هاووڵاتییەكی بە ڕەگەزبەریتانیایی كە لە كۆمپانیایەك لە گوندی ئینگلیزی لە هەولێر كار دەكات، گوللەیەك بەر سینگی كەوتووە گیانی لە دەست داوە.

بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی پارێزگای هەولێر رائید (كاروان عەبدولكەریم) گوتی، سەعات یەك و سی خولەكی شەوی 21/8/2014 پۆلیس لە بوونی ڕووداوێكی تەقەكردن لە گوندی ئینگلیزی ئاگادار كرایەوە، دوای گەیشتنیان بۆ شوێنی ڕووداو دەركەوت كەوا یەكێك بە ناوی (سێل هێرت) هەڵگری ڕەگەزنامەی بەریتانیا كە لە كۆمپانیایەك كار دەكات، گوللەیەك بەر سینگی كەوتووە لە ناو ماڵی كەسێك بە ناوی (س.ح) كە ئەو لێی داوە، هەرچەندە زامدارەكە ڕەوانەی نەخۆشخانە كرا، بەڵام دوای سەعاتێك گیانی لە دەست دا.
گوتیشی، دوای وەرگرتنی گوتەی تۆمەتبارەكە، دانی بەوەدا نا كە ئەو كەسە لە گوندی ئینگلیزی هاوسێیەتی و بە سەرخۆشی هاتووەتەوە و لە دەرگای ماڵیانی داوە، ئەویش پێی ڕاگەیاندووە كە ماڵەكەی ئەو لە تەنیشتیەتی و ئەوە ماڵی ئەو نییە، بەڵام ناوبراو بە پێلاقە لە دەرگای داوە و جامی پەنجەرەی شكاندووە و هەوڵی چوونەژوورەوەی داوە و دواتر ڕۆیشتووە.
ئەوەیشی خستە ڕوو كە، دواتر ئەم جارەیان لە سەربانەوە پەنجەرەی شكاندووە و هاتووەتە ژوورەوە، بۆیە تەقەی لێ كردووە و بووەتە هۆی مردنی.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی هەولێر ڕوونیشی كردەوە، تۆمەتبار لە لایەن پۆلیسەوە دەستبەسەرە و دۆسیەی بۆ كراوەتەوە و لێكۆڵینەوەیش لە رووداوەكە بەردەوامە.

Top