لیژنەی لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكانی شنگال لە كارەكانی بەردەوامە.. كەمتەرخەمەكان ڕووبەڕووی دادگە دەكرێنەوە

 لیژنەی لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكانی شنگال لە كارەكانی بەردەوامە.. كەمتەرخەمەكان ڕووبەڕووی دادگە دەكرێنەوە
وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، لیژنەی لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكانی شنگال دەستبەكار بووە، لە لێكۆڵینەوەكانیش بەردەوامە و ئەو لیژنەیە بڕیار دەدات كێ ڕووبەڕووی دادگە دەكرێتەوە.

بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان عەمید (هەڵگورد حیكمەت) بە kdp.info-ی راگەیاند، لەسەر فەرمانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لیژنەیەكی یاسایی پێك هاتووە كە سێ كەس لە خۆ دەگرێت و نوێنەری سەرۆكایەتیی هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگەیشی تێدایە و لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكانی شنگال دەكەن و تاوەكو ئێستایش لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن.
(حیكمەت) گوتیشی، تاوەكو ئێستا لیژنەكە كۆتایی بە لێكۆڵینەوەكان نەهێناوە و بەردەوامە لە كارەكان، خۆیشیان بڕیار لەبارەی ئەو ڕووداوانە دەدەن كە كێ كەمتەرخەم بووە و كێیش ڕووبەڕووی دادگە دەكرێتەوە.
ئەو هەروەها ڕوونیشی كردەوە، ئەو كەسانەی لەو ڕووداوانەدا كەمتەر خەم بوون، لەلایەن دادگەوە سزای خۆیان وەردەگرن.
Top