سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندی پاتریاكەكانی كەنیسەی ڕۆژهەڵات دەكات
لە دیدارێكدا شاندی پاتریاكەكانی كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ سەرۆك بارزانی و گەلی كوردستان ڕاگەیاند بۆ حەواندنەوەی ئەو ئاوارانەی بەهۆی هەڕەشەی تیرۆریستان ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێهێشتووە و ئەوەیان خستەڕوو كە سەردانی كوردستانیان كردووە بۆ ئەوەی لە نزیكەوە دۆخی ئاوارەكان ببینن و جیهانی لێ ئاگادار بكەنەوە هانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بدەن كە پاڵپشتی هەرێمی كوردستان بن و وا بكرێت كە ئاوارەكان بە ڕێز و سەربڵندییەوە بگەڕێنەوە شوێنەكانی خۆیان. شاندی پاتریاكەكانی كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هیوای گەڕانەوەی ئاشتی و ئارامی و سەرخەستنی پەیامی سەرۆك بارزانیان خواست كە لێبوردەیی و پێكەوەژیان و ئاشتیی نێوان پێكهاتەكانی عێراقە.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەگەرمی بەخێرهاتنی شاندی پاتریاكەكانی كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی كرد و سوپاسی كردن و ڕایگەیاند هاتنیان پەیامێكی بەهێزی پشتگیرییە بۆ گەلی كوردستان و ئەو دڵنیاییەی دایە شاندی میوان كە كوردستان بە ناوچەی سەقامگیری و ئاشتی و ئارامی دەمێنێتەوە. سەرۆك بارزانی ئاماژەیشی بەوەدا كە خوشك و برا مەسیحییەكان لەوە دڵنیا بن كە تیرۆریستان تێكدەشكێندرێن و ئەم بارودۆخە كۆتایی دێت و داوایشی كرد كە بیر لە كۆچكردن نەكەنەوە و لە وڵاتی خۆیان بممێننەوە و پێویستە ئیرادەی مانەوەیان بەهێز بێت بۆ ئەوەی هەموو لایەكمان پێكەوە بە ئازادی بژیین و بەرگری لە وڵاتەكەمان بكەین.
هەر لەم دیدارە سەرۆك بارزانی ڕۆڵی وڵاتانی دۆستی گەلی كوردستانی لە یارمەتیدان و پاڵپشتیكردنی كوردستان بە بەرز نرخاند و هیوایشی خواست ئەو پاڵپشتییە فراوانتر ببێت.
