وەزیری دەرەوە و بەرگری ئەڵمانیا لەبارەی هاوكاری سەربازیی بۆ باشووری كوردستان دەدوێن

 وەزیری دەرەوە و بەرگری ئەڵمانیا لەبارەی هاوكاری سەربازیی بۆ باشووری كوردستان دەدوێن
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایدەگەیەنێت، بۆ ئەوەی هەموو ناوچە كوردییەكان هاوكارییان پێبگات، "پێویستە پشتگیریان بكرێت و بپارێزرێن"، هاوکات رایگەیاند، کە "ئێمەش ئامادەین هاوكاری سەربازیی كورد بكەین".

فرانك والتر شتاینمایەر، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ ئورسولا فۆن لایەن، وەزیری بەرگری ئەڵمانیا رایگەیاند، "ئەمڕۆ لەگەڵ كابینەی حكومەت لەكۆبوونەوەدابووین و منیش یەكێك بووم لە بەشداربووانی كۆبوونەوەكە و تێیدا بڕیاری ئەوەمانداوە هاوشێوەی بەریتانیا و فەرەنسا ئێمەش ئامادەین هاوكاری سەربازی كورد بكەین".

فرانك والتر شتاینمایەر هەروەها گوتی، "ئامادەین بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانەكانی خۆمان لە ئەوروپا پێكەوە ئەو هاوكارییانە بگوازینەوە، بۆ ئەوەی كورد بكەوێتە سەر رێگای خۆی تاوەکو بتوانن خۆیان بەرگری لە خۆیان بكەن".

شتاینمایەر جەختیكردەوە، "كە باسی ئەوە دەكرێت هێزی كوردی بگاتە ئاستێك، كە خۆی بەرگری لەخۆی بكات، یەكێكە لەو بابەتانەی ئێمە لە ئەوروپا و لەگەڵ هاوپەیمانەكانمان لە سەر ئاستی نێودەوڵەتیدا قسەمان لەسەر كردووە و بۆ ئەوەی هێزی پێشمەرگە بەهێز بكەین كە ئێستا لە حاڵەتی بەرگریدایە لەو ناوچانەی شەڕیان تێدایە".

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئاشكرایشی كرد، "ئەو شتانەی بۆ ئەو مەبەستە ئامادەمانكردووە، لە ماوەیەكی نزیكدا دەیگوازینەوە، بەڵام پێویستیمان بە بڕیاری كۆتایی حكومەت هەیە، بۆ ئەوەی هەموو كارەكان تەواو بكرێن و بنێردرێن".

ئورسولا فۆن لایەن، وەزیری بەرگری ئەڵمانیاش ئاماژەی بەوەكرد، "هەموومان ئاگاداری دۆخی ناهەمواری عێراق بووین، كە بەكاتێكی خێرا چەكدارانی داعش دەستیانكرد بە كارەساتێكی گەورە لەو ناوچەیە و ئەو هێرشانەی ئەوان ئەنجامیاندا ئاوارەبوونی خەڵكیكی زۆری لێكەوتەوە".

ئورسولا فۆن لایەن هەروەها گوتی، "ئێمە باوەڕمان بەوە هەیەكە دەبێ داعش بوەستێنرێ، وە لەگەڵ هەموو هاوپەیمانەكانمان كار دەكەین بۆ ئەوەی ئەو پڕۆسەیە بە ئەنجام بگات، كە ناومان ناوە پڕۆسەی رێگریكردن لە داعش".

وەزیری بەرگری ئەڵمانیا گوتیشی، "ئێمە تاوەكو ئێستا هاوكاری مرۆییمان گەیاندووە، چەند تۆنێک هاوكاری مرۆییمان رەوانە كردووە و سەدان تۆنی دیكەش بەڕێگاوەن، كە دەبێ زۆر بە خێرایی بگوازرێنەوە، چونكە زۆر پێویستیان پێیە".

ئورسولا هەروەها گوتی، "بە پێویستی دەزانین هاوكاری سەربازیش بكەین بەچەند جۆرە چەكێك، كە خۆمان قسەمان لەسەر كردووە بۆ ئەو كوردانەی بەرگری لە پێشڕەوی داعش دەكەن، ئەمە هێشتا لە گفتوگۆدایە و هێشتا بڕیاری تەواوی لەسەر نەدراوە، بەڵام بەشێوەیەكی بنچینەیی ئامادەین چەك و هاوكاری سەربازی بۆ كورد بگوازینەوە".

ئاشكرایشی كرد كە لەماوەی رابردوودا "فاكت و راستی رووداوەكانمان كۆكردووەتەوە و گفتوگۆمان لەسەر كردووە و لێكمانداوەتەوە و ئەو بەڵگانەی پێویستیان بە سەلماندن بووە قسەمان لەسەر كردووە و دەرەنجامی ئەوانەش پێیگوتووین بڕیار لەسەر هەنگاوی داهاتوومان بدەین".

فرانك ڤالتر شتاینمایەر، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووساندا گوتی، "هیچ كام لە وڵاتانی ئەوروپا هیچ جۆرە چەكێكیان نابەرپرسیارانە نەگواستۆتەوە، هەموومان قسەمان لەسەر كردووە و دەمانەوێ پێكەوە بڕیار لەسەر ئەوە بدەین هێزە كوردییەكان پێویستیان بە چ جۆرە چەكێكە بۆیان بنێرین، چونكە دەزانین پێشمەرگە لە هەمبەر هێزەكانی داعش وستاون".

ئورسولا فۆن لایەن، وەزیری بەرگری ئەڵمانیا گوتی، "ئێمە دەبێ هەماهەنگییەكی راستەوخۆمان لەگەڵ بەغدا هەبێت و ئەوان رەزامەندی لەسەر ئەوە نیشانبدەن بۆ ئەوەی بتوانین راستەوخۆ یارمەتییە سەربازییەكان بۆ هەرێمی كوردستان بگوازینەوە".

شتاینمایەر لەو بارەیەوە گوتی، "هەرێمی كوردستان تاوەكو ئێستا بەشێكە لە عێراق و لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش كۆبوومەتەوە و پێمراگەیاندووە، کە هەر هاوكارییەكی ئێوە بكەین بەغدای لێ ئاگادار دەكەینەوە".

لەبارەی فراوانكردنی هاوكارییە مرۆییەكان، فرانك ڤالتر شتاینمایەر گوتی، "ئێمە بەردەوام دەبین كە دەتوانین لەرووی مرۆییەوە چی بكەین و بڕیاریشمان لەسەر ناردنی هاوكاری زیاتر داوە".






رووداو
Top