حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەشداری هەشتاو پێنجەمین كۆبوونەوەی پەیماننامەی نێودەوڵەتی بەرەنگاربوونەوەی رەگەزپەرستی دەكات
لە كۆبوونەوەكەدا گەنگەشە لەسەر راپۆرتەكانی حەوت وڵات دەكرێت كە عێراقیش یەکێك لەو وڵاتانەیە.
دیندار زێباری سەرۆكی لیژنەی باڵای بەدواداچوونی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان گوتارێكی تێروتەسەلی پێشكەشكرد و تیشكی خستەر وەڵامەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی كارەساتی مڕۆیی و چۆنییەتی چارەسەركردنی قەیرانی مڕۆیی.
زێباری هەروەها پێداگری لەسەر ئەو راستییە كرد كە كوردانی ئێزیدی لەلایەن چەكدارانی داعشەوە تووشی گەورەترین پڕۆسەی لەناوبردنی ئەتنیكی و جینۆساید بوونە و تیشكی خستە سەر ئەو ژمارە زۆڕەی ئاوارەی مووسڵ، شنگال و ئەوانەی كە هێشتا لە چیای شنگال ماون و تووشی برسایەتی، مەرگ، رفاندن و ترسی دەستپێڕاگەیشتنی چەكدارانی داعش بوونە. نیزیكەی 1.5 ملیۆن ئاوارە بۆ دۆزینەوەی سەروپەنا روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە.
نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە توندی هێڕشەكانی داعش و كوژرانی هاوڵاتیانی سیڤیلی بێ تاوان، ژنان، منداڵان و پەككەتووان شەرمەزار كردو ئاماژە بە لاوازی وەڵامدانەوەی كۆمەڵی نێودەوڵەتی و ئاژانسەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و رێكخراوە ناحكوومییەكانی نێودەولەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی قەیرانی مڕۆیی كرد. هەروەها رەوشی ئەو پەنابەرانە بە نالەبار وەسفكرد كە بەهۆی توندوتیژییەوە ئاوارە بوونە و داوای گرتنەبەری باشترین میكانیزم بۆ پاراستنیان كرد.
سەرۆكی شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان داوای یارمەتیی مڕۆیی ئێمێرجێنسی و بەهێزی كۆمەڵی نێودەوڵەتی بۆ ئەو كوردە ئێزیدیانە كرد كە لە چیای چنگال ئاسێ بوونە و لەگەڵ ئەو ئاوارانەی كە گەیشتوونەتە شارەكانی هەرێمی كوردستان و ژمارەیان روو لە زیادبوونە و گەیشتووە ئاستێكی قەیراناوی.
مافی كەمینەكان و یەكسانی رەگەزی بابەتێكی گرنگ و جێگەی بایەخپێدانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە. هەرێمی كوردستان شوێنی نەتەوە و ئایینی جیاوازە و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش بە بەردەوامی هەوڵی پاراستنی پێكەوە ژیانی ئاشتیانە دەدات كە كەمینەكان مافیان پارێزراوە.
نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژە بە بەشداری سیاسی كەمینەكان لە پەرلەمانی كوردستان و ئەنجومەنی پارێزگاكان كرد كە نوێنەرانی ئێزیدی و كریستیانی و توركمان و كەمینەكانی دیكەی كوردستان بە خۆوە گرتووە.
پرسی مافی ژنان بابەتێكی دیکەی گرنگی بواری مافی مرۆڤ بوو. شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە پەیماننامەی نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاند حكوومەتی هەرێم گرنگییەكی تایبەتی بە مافی ژنان دەدات و یاسایەك بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و كوشتنی بە شەرەف پەسند كردووە.
سەرۆكی لیژنەی باڵای بەدواداچوونی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان هەروەها باسی لە هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد كە رێگایەكی درێژی لەپێشە بۆ دڵنیاكردنەوەی مافە بنەڕەتییەكان لە سیستەمی یاسایی و جێبەجێكردنی لە لایەن دەسەڵاتەوە.
حكوومەتی هەرێم چەندین لیژنە، ئەنجومەن، دادگا و دەستە بۆ كاروباری ژنان پێكهێنراوە و ئۆفیسەكانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بەرفراوانتر كردووە. هەروەها چەندین پێوەری گرنگی دیكە گرتۆتەبەر بۆ پتر پاراستنی مافی ژنان.
پەیماننامەی نێودەوڵەتی بەرەنگاربوونەوەی رەگەزپەرەستی لە ساڵی 1965 دامەزراوە كە یەكەم دامەزراوەی نەتەوە یەكگرتووەكانە بۆ چاودێری و پابەندبوونی وڵاتان بە پاراستنی مافی مرۆڤ.
