بەپێی پێویستیی میحوەرەكان چەك دابەش دەكرێت.. ڕۆکێتی هەمەرشکێنیش دەگات
بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان عەمید (هەڵگورد حیكمەت، بە kdp.info-ی ڕاگەیاند، تاوەكو ئێستا چەكیان لەلایەن ئەمەریكا و فەڕەنساوە بە دەست گەیشتووە كە جۆرەكەیان باشە و چەند وڵاتێكی دیكەیش ئامادەیی هاوكارییان پێشان داوە.
سەبارەت بە جۆری چەكەكانیش (حیكمەت) گوتی، "زۆر جۆر چەكمان بە دەست گەیشتوون كە جۆری قورسیان تێدایە، لەوانە تۆپ و هاوەن، دۆشكە، 106، 82 ملم و ئاربیجی و چەند جۆرێكی دیكە كە ئێستا شەڕیان پێ دەكرێت".
ئەوەیشی ڕوون كردەوە كە، جۆرە رۆكێتێك هەیە بۆ تێكشكاندنی هەمەر و تەنیا لە فەڕەنسا ئەو جۆرە رۆكێتە هەیە، داوایشیان كردووە كە بۆیان رەوانە بكرێت و لە ئێستادا چاوەڕوانی گەیشتنی دەكەن.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پێشمەرگە راشیگەیاند، بە هیچ جۆرێك دەستی حزبی لە دابەشكردنی چەكدا نییە و وەزیری پێشمەرگە خۆی سەرپەرشتیی ئەو كارە دەكات و لە هەر شوێنێك پێویست بە چەك هەبێت، بۆیان رەوانە دەكرێت و تاوەكو ئێستایش چەك بۆزۆر میحوەر رەوانە كراوە.
گوتیشی، هەر كاتێك چەكیان بە دەست دەگات لە وەزارەتی پێشمەرگە بە نووسراو وەردەگیرێت بۆ ئەوەی بزانن بڕەكە چەندە و دواتریش بە نووسراو بەسەر میحوەرەكاندا دابەش دەكرێت.
