باڵوێزی کەنەدا: بەم زووانە لە هەولێرەوە ڤیزای کەنەدا دەدرێت
برۆنۆ ساکۆمانی، باڵوێزی کەنەدا لە ئۆردون لە دیمانەیەکی لە گەڵ هەفتەنامەی "باس" ڕایگەیاند؛ عیراقییەکان هەمیشە ئەو کیشەیان هەبووە و ناچار بوون بۆ وەرگرتنی ڤیزای کەنەدا بچنە تورکیا یان ئۆردون، بەڵام ئێستا حکومەتی کەنەدا بڕیاریداوە نوسینگەیەکی پێدانی ڤیزا لە بەغدا و هەولێر بکاتەوە و پرۆسەکە لە تەواوبووندایە و هاووڵاتیان بەم نزیکانە دەتوانن لە ڕێگای ئەو نوسینگانەوە داوای ڤیزای کەنەدی بکەن.
باڵوێزی کەنەدا لەم دیمانەیە دا، سەبارەت بە هەڵوێستی وڵاتەکەی بەرامبەر بەو شەڕەی ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان بۆتەوە و خەڵکێکی زۆری ئاوارەی شارەکانی هەرێمی کوردستان کردووە دەڵێت: کەنەدا لە عیراق و هەرێمی کوردستان زۆر چالاک بووە و پێش هێرشەکانی شاری موسڵ و لە کانوونی دووەمی ٢٠١٤ ـەوە ئێمە یەکێک لە گەورەترین دابینکاری هاوکاری مرۆیی بۆ ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان بووین، بەتایبەتی دوای هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆیی سوریا و هاتنی زیاتر لە ٣٠٠ هەزار ئاوارەی سوری بۆ هەرێمی کوردستان کە پێموابێ ئێستا زیاتر لە یەک ملیۆن ئاوارەی ناوخۆی عێراقیشی لەخۆ گرتووە.
برۆنۆ ساکۆمانی رایگەیاند؛ لە کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە بایی ٦١ میلۆن دۆلارمان هاوکاری مرۆیی و پێداویستییە سەرەتاییەکان بۆ ئاوارەکان دابینکردووە و هەفتەی ڕابردووش بڕی پێنج میلیۆن دۆلاری دیکەشمان بۆ ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان تەرخان کرد.
باڵوێزی کەنەدا سەبارەت بە هاوکاری سەربازی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان لە شەڕی دژ بە داعش گووتی: لەم ڕۆژانە دا ستیڤت هارپەر، سەرۆک وەزیرانی کەنەدا ڕایگەیاند کە هێزی ئاسمانی کەنەدا لە گەیاندنی ئەو هاوکارییە سەربازییانەی هاوپەیمانەکانی کەنەدا پێشکەشی کوردی دەکەن بەشدار دەبێت.
