سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنی له‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی نه‌رویج پێده‌گات

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنی له‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی نه‌رویج پێده‌گات
به‌ڕێز مسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان په‌یوه‌ندیه‌كی ته‌له‌فۆنی له‌ بۆرج برێندا وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی نه‌رویجه‌وه‌ پێگه‌یشت.

له‌ په‌یوه‌ندییه‌كه‌دا وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی نه‌رویج پاڵپشتی حكوومه‌ت و گه‌لی نه‌رویجی بۆ گه‌لی كوردستان له‌ شه‌ڕی تیرۆریستاندا راگه‌یاند و پیرۆزبایی سه‌ركه‌وتنه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانی به‌سه‌ر تیرۆریستان له‌ سه‌رۆك بارزانی كرد، به‌وه‌ی كە هێزەكانی پێشمەرگە رێگه‌یان نه‌دا تیرۆریستان پێشڕه‌وی بكه‌ن و توانیان تێكیان بشكێنن.

هه‌روه‌ها رایگه‌یاند، هیوادارین ئه‌وه‌ی به‌ڕێزتان و هه‌رێمی كوردستان لە بەرەنگاربوونەوەی داعشدا كردوویه‌تی ببێته‌ سه‌ره‌تای كۆتایهاتن و تێكشكاندنی تیرۆریستان له‌ ناوچه‌كه‌ و جیهاندا. له‌درێژه‌ی په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنیه‌كه‌دا وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی نه‌رویج هاوسۆزی خۆی به‌رامبه‌ر مه‌ینه‌تی ئه‌و هه‌موو هاووڵاتیانه‌ نیشاندا كه‌ له‌ ترسی هه‌ڕه‌شه‌كانی تیرۆریستاندا ئاوارە بوونە و ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووه‌ و روویان له‌ هه‌رێمی كوردستان كردووه‌.

له‌به‌رامبه‌ردا سه‌رۆك بارزانی سوپاسی هه‌ڵویسستی حكوومه‌تی نه‌رویجی كرد و رایگه‌یاند، گه‌لی كوردستان به‌سه‌ربه‌رزییه‌وه‌ له‌ جیاتی جیهانی ئازاد شه‌ڕی دەوڵەتێكی تیرۆریستی ده‌كات، كه‌ چه‌كی هه‌ردوو سوپای عێراق و سوریای كه‌وتۆته‌ ده‌ست و گوتی: سه‌ربه‌رزین به‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان و پێشمه‌رگه‌ توانیویه‌تی گیانی زیاتر له‌ یه‌ك ملیۆن و نیو ئاواره‌ بپارێزێ.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌كه‌دا سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، ئێمه‌ له‌سه‌ر پاراستنی به‌ها و پره‌نسیپه‌كانی دیموكراسی و لێبورده‌یی و پێكه‌وه‌ژیان سوورین‌.

له‌ كۆتایی په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنیه‌كه‌دا وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی نه‌رویج ڕایگەیاند وه‌ك هه‌نگاوێكی پراكتیكی هه‌فته‌ی داهاتوو سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و دووپاتی ئەوەی كردەوە كە نەرویج بەردەوام دەبێت لە هاریكاریی مرۆیی و حكوومه‌ته‌كه‌ی دیراسه‌ی ئه‌وه‌ ده‌كات، كه‌ چۆن ئه‌م هاوكاری و پشتیوانیانه‌ فراوانتر بكرێن.‌
Top