بارزانی: پێویستیمان بە چەكی تانكشكێن هەیە
لایەنێكی دۆسیەكە هەڤپەیڤینێكە لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە بە "سەرۆكی كورد" ناوهێنراوە و مانشێتی دیدارەكەش بە "جەنگاوەری ئازامان هەن" دانراوە.
لە وەڵامی پرسیارێكدا كە كورد چاوەڕوانی چی لە حكومەتی ئەڵمانیا دەكات، بارزانی دەڵێت: " ئێمە چاوەڕوانی یارمەتی مرۆیی لە ئەڵمانیا دەكەین بۆ ئەوەی ئەم ملیۆن ئاوارەیە لە مردن رزگار ببن" هاوكات "چاوەڕێدەكەین ئەڵمانیا چەك و تەقەمەنی بداتە پێشمەرگە بۆ ئەوەی بتوانین تیرۆرستەكانی دەوڵەتی ئیسلامی تێكبشكێنین".
بارزانی باسی پێویستی كوردستان بە "چەكی كاریگەر و پەروەردەی سەربازی سنووردار" دەكات و دەڵێت "پێویستیمان بە سەرباز نییە، نە لە ئەڵمانیا و نە هیچ وڵاتێكی دی بۆ ئەوەی بەرامبەر دەوڵەتی ئیسلامی بجەنگین. بەڕاستیش كێماسیمان لە هەبوونی جەنگاوەری ئازا نییە، بەڵكو لە چەكی مۆدێرن و كاریگەر".
سەبارەت بە وەی كورد پێویستی بە چ جۆرە چەكێكە، بارزانی دەڵێت "وەك یارمەتییەكی بەپەلە پێویستیمان بە چەكی تانكشكێن هەیە". رۆژنامەنووسی ئەڵمانی یوزێف هوفلشولتە كە هەڤپەیڤینەكەی ئەنجامداوە، پرسیاری ئەوە لە بارزانی دەكات كام هاوكاری بۆ ئێوە گرنگترە، سەربازی یاخود مرۆیی؟ لە وەڵامدا بارزانی دەڵێت "پێویستیمان بە هەردووكیان هەیە".
لەبارەی ئە وەی سەرچاوە داراییەكانی گرووپی داعش لە كوێوە دێن كە بەهۆیەوە توانیان ئەم پێشڕەوییە گەورەیە بكەن، سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئاماژە بەوە دەكات كە سەرچاوە یەكەمەكان كێڵگە نەوتییەكانی سووریا بوون، دواتر باس لە كەوتنی موسڵ و تكریت دەكات كە "چەكدارانی داعش دەستیان بە سەر یەك ملیار دولاری ئەمریكادا گرت".
لە كۆتایی هەڤپەیڤینەكەدا پرسیار لە بارزانی دەكرێت، دەبێت كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چۆن لە گەڵ تیرۆر هەڵسوكەوت بكات ؟، بارزانی دەڵێت بە "وشكردنی سەرچاوە ئابوورییەكانی دەوڵەتی ئیسلامی، دروستكردنی هاوپەیمانییەكی گەورە لە سەر ئاستی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و هەروەها رێگەگرتن لەوەی گرووپی دیكە پەیوەندی بە دوڵەتی ئیسلامییەوە بكەن، پێویستە چەكی نوێ و یارمەتی سەربازی هەرێمی كوردستان بدرێت، چونكە كوردستان بەو 1050 كیلۆمەتر سنوورەی لە گەڵ دەوڵەتی ئیسلامی هەیەتی، پێشڕەوی دەكات لە جەنگی دژەتیرۆردا".
رووداو
