هوشیار زێباری: بەهەڕەمەکی لە حکومەتی داهاتووی عێراقدا بەشدار نابین

هوشیار زێباری: بەهەڕەمەکی لە حکومەتی داهاتووی عێراقدا بەشدار نابین
هوشیاری زێباری، وەزیری دەرەوەی عێراق و ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، دەڵێت: بڕیاری سەرکردایەتی کورد و هەموو هێزە سیاسیەکان ئەوەیە کە دەبێت بەشدار بین لە حکوومەتی داهاتوو، بەڵام بە پێی مافەکانی خۆمان.



زێباری، دوای کۆبوونەوەی لایەنە سیاسیەکانی کوردستان سەبارەت بە رێکخستنی وفدێکی دانووستانکاری کورد لە گەڵ بەغدا، لە وتووێژ لە گەڵ رۆژنامەی روودادا گوتی: ئەگەر بەرنامەیەک نەبێت، ئەگەر نەزانین ئەو حکومەتە داواکاریی ئێمە جێبەجێ دەکات یان نا. زۆر شتی تازە پەیدا بووە. ئێستا هەڕەشەی داعش هەیە لە سەر عێراق و کوردستان. هەڵەی زۆر گەورە کران لە حکوومەتی رابردوودا. ئایا ئیمکانیەتی ئەوە هەیە ئەو هەڵانە چارەسەربکرێن. بۆیە دانووستانەکان سەخت دەبن. لەسەر ئەوە دەمێنینەوە ئەوەی ئەگەر داواکاری کوردی جێبەجێ کرا و گەرەنتیش هەبوو بۆ جێبەجێ کردنی، ئەوکات بەشدار دەبین. ئەگەر نا بەشێوەیەکی هەڕەمەکی بەشدار نابین. دەبێ بەشداریمان لەسەر بەرنامە بێت و بە هەندێک گەرەنتی بێت. بەو شێوەیە هەڵەکانی پێشوو دووپات نابنەوە.



لە وڵامی ئەم پرسیارەدا کە ئەگەر مالکی ببێتە جێگری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری ئاسایش، کورد ڤیتۆی لەسەر دادەنێت یان نا؟ هوشیار زێباری دەڵێت: هەموو شتێک بەندە بە ئەنجامی دانووستاندن. هیچ گەرەنتییەک نییە. کورد هەڵوێستی زۆر بەهێزە. کورد پشتگیریی نێودەوڵەتیی زۆری هەیە. رەنگە هەڵوێستی هاوپەیمانیی کوردستانی لەم قۆناغەدا لە هەموو لایەنەکانی دیکە بە هێزتر بێت. بەدڵنیاییەوە هەموو شتێک قابیلی باسکردنە، هیچ شتێک مسۆگەر نییە.
Top