برینداركردنی خەدیجە، خنكاندنی خەدیجەیەكی دیکە ئاشكرا دەكات
رۆژی 28/5/2014 لە گەڕەكی دۆرێی ناحیەی هیرانی سەر بە قەزای شەقڵاوە، ژنێكی تەمەن 25 ساڵ بە ناوی خەدیجە یوسفی، لەگەڵ منداڵە تەمەن 11 مانگانەكەی بەناوی (كەیهان. ج) ونبوون.
دوای دوو مانگ و نیو هەر لە هەمان گەڕەك ژنێكی دیكە بەناوی خەدیجە عەبدوڵڵا لەلایەن مێردەكەیەوە كە ناوی (ج.ب) یە، بریندار دەكرێت. ئەو تاوانەش، پەردە لەسەر تاوانێكی گەورەتر ئاشكرا دەكات كە خنكاندنی خەدیجە یوسفی و منداڵەكەیەتی، هەر لەلایەن ئەو پیاوەی خەدیجە عەبدوڵڵای بریندار كردووە.
رائید كاروان عەبدولكەریم، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی هەولێر، لە پەیجی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك وردەكاری تاوانەكەی ئەو پیاوەی باسكردووە و نووسیویەتی "لە ناحیەی هیرانی سەر بە قەزای شەقڵاوە مامۆستایەك كە دوو ژنی هەیە، تەقە لە ژنی یەكەمی دەكات و برینداری دەكات، ژنی دووەمی و منداڵە 11 مانگەكەشی لە گۆماوێكدا دەخنكێنێ و تەرمەكەیان دەشارێتەوە، بەڵام هێزەكانی پۆلیس تاوانەكە ئاشكرا دەكەن".
بەپێی زانیارییەكانی رائید كاروان، دوای ماوەیەك لە دیارنەمانی ژنێك و منداڵەكەی كە دانیشتووی گەڕەكی دۆرێی ناحیەی هیرانی سەر بە قەزای شەقڵاوەن، پۆلیسی ناوچەكە لێكۆڵینەوەیان بۆ دیارنەمانیان دەستپێكرد، بەهۆی ئەوەی ژنەكە (خەدیجە یوسفی) ئێرانییە، پۆلیسی ناوچەكە پەیوەندییان بە باوكی ژنەكەوە كردبوو لە ئێران، بەڵام باوكی ژنەكە پۆلیسی دڵنیاكردبووەوە كە كچەكەی نەگەڕاوەتەوە ئێران".
دوای ماوەیەكی زۆر لە گەڕان، پۆلیس نەیتوانی ژنەكە و منداڵەكەی بدۆزنەوە، تاوەكو رۆژی 13/8/2014 بكوژی راستەقینە كە دوو ژنی هەیە و ژنی دووەمی دیار نەمابوو، تەقە لە ژنی یەكەمی دەكات و قاچی بریندار دەكات. ئینجا رۆژی دواتر پۆلیسی هیران تۆمەتبارەكە دەستگیر دەكەن.
"دوای دەستگیركردنی لەسەر تەقەكردن لە ژنی یەكەمی، تۆمەتبارەكە دانی بەوەشدا نا كە لە رۆژی 28/5/2014 لەناو رەزەكەی خۆی لە گەڕەكی دۆرێ، بە حەفارە چاڵێكی گەورەی لێداوە و پڕی كردووە لە ئاو، پاشان ژنی دووەمی خۆی بەناوی خەدیجە یوسفی لەگەڵ كوڕێكی خۆی كە تەمەنی 11 مانگە بەناوی "كەیهان"، هەڵیداونەتە ناو چاڵە ئاوەكە و هەردووكیان خنكاون، دواتر هەردوو تەرمەكەی دەرهێناوەتەوە و لەناو چاڵێكدا شاردوونیەوە". ئەمە بەپێی قسەكانی رائید كاروان.
دوای دەستگیركردنی پیاوەكە، پۆلیسی ناوچەكە تەرمی ژنەكە و منداڵەكەیان دەرهێنا و بە مەبەستی پشكنین رەوانەی دادپزیشكی هەولێری كردن. پۆلیس هێشتا سەرقاڵی لێكۆڵینەوەیە لە رووداوەكە.
بەپێی زانیاریەكانی (تۆڕی میدیایی رووداو)، تۆمەتبار لە لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكانی پۆلیسدا هۆكاری كوشتنی ژنە بچووكەكەی و هەوڵی كوشتنی ژنە گەورەكەی باسكردووە و گوتوویەتی "ژنە بچووكەكەم پێیگوتم كە زانیاری هەیە ژنە گەورەكەم خیانەتی لێكردووم، منیش لێی تووڕە بووم كە بۆچی زووتر باسی نەكردووە". پاشان ژنەكەی و منداڵەكەی لە نێو باخچەیەك خستوونەتە چاڵاوێك و خنكاندوونی، دواتر لە ئاوەكەی دەرهێناون و لە شوێنێكی دیكەی باخچەكە خستوونیە نێو چاڵێك".
مانگی رابردوو مانگێكی خوێناوی بوو بۆ ژنان، بە تایبەتی ژنانی دەڤەری رانیە. كچێك لەلایەن باوكە بەساڵاچووەكەی درایە بەر چەقۆ و كوژرا، بە گومانی ئەوەی سكی بەرز بووەتەوە، بەڵام دواتر لە پكشنین دەركەوت ئەو ژنە سكی نییە. هەروەها ژنێك لەلایەن مێردەكەی درایە بەر رێژنەی گوللە و كوژرا. هەر لە مانگی رابردوودا دوو كچ لە رانیە خۆیان كوشت.
سزای بكوژ لە سێدارەدانە
رائید ژیلەمۆ عەبدولقادر، بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان لە هەولێر، بە (رووداو) گوت "ئەو پیاوە لەسەر كێشەیەكی كۆمەڵایەتی ژنی دووەمی خۆی و منداڵەكەی كوشتووە، دواتر خۆی ونكردووە، پاش ماوەیەك گەڕاوەتەوە ژنی یەكەمی خۆی بریندار كردووە. دواتر لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر كرا".
سەبارەت بە ئیفادەی پیاوەكە كە لەلای پۆلیس گوتوویەتی لەسەر خیانەتی هاوسەری تەقەی لە ژنەكەی كردووە، رائید ژیلەمۆ گوتی "ئەوە قسەی خۆیەتی، بەڵام ئەوە پاساو نییە بۆ كوشتنی ژن و منداڵەكەی و برینداركردنی ژنەكەی دیكەی".
هەروەها گوتی "ئەو كەسانەی بەو بیانووە ژنەكانیان یان كچەكانیان دەكوژن، تاوەكو ئێستا لەو خەیاڵە دەژین كە یاسای (غسل العار) ماوە و چەند مانگێك دەگیرێن و ئازاد دەكرێن، بەڵام ئەو یاسایە لە كوردستان كاری پێناكرێ. ئەوانە وا دەزانن ئەگەر ئەو تۆمەتە بدەنە پاڵ قوربانییەكە لە نێو كۆمەڵگە رووی خۆیان سپی دەكەنەوە".
رائید ژیلەمۆ ئاماژەی بەوەدا كە ئەو تاوانە دەچێتە خانەی تاوانە گەورەكان، تۆمەتبار بەپێی ماددە 406 لە یاسای سزادانی عێراقی سزا دەدرێ "ئەگەر تاوانەكەی بەسەردا ساخ ببێتەوە، ئەوا لە سێدارە دەدرێت، چونكە ئەو منداڵێكی خۆیشی كوشتووە".
نێو فایلەكانی دادگا پڕن لە دۆسیەی خیانەتی ژن و مێردایەتی. رائید ژیلەمۆ دەڵێت پیاوان ئەگەر گومانیان لە ژنەكانیان كرد خیانەتیان لێدەكەن، باشترە پەنا بۆ دادگا ببەن، نەوەك چەك "ئەگەر لە دادگا سەلمێنرا ژنەكەی خیانەتی لێكردووە، ئەوە دەتوانێت داوای تەڵاقدانی ژنەكەی بكات و ژنەكەش هیچ مافێكی ناكەوێت".
رووداو
