پێویستە فڕۆكەخانەیەكی سەربازی لە هەولێر بكرێتەوە و لەوێوە هێرش بكرێتە سەر تیرۆریستان

پێویستە فڕۆكەخانەیەكی سەربازی لە هەولێر بكرێتەوە و لەوێوە هێرش بكرێتە سەر تیرۆریستان
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵام نزار جەنابی پسپۆڕ لە بواری ئاسایشی عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گوتى : داعش ستراتیژیەتی دەوڵەتی بەكاری دەهێنا، سوپایەكی ڕێكخراو و بە گرووپ جووڵە دەكەن و هێرش دەكەن، بەڵام لە دوای ئەوەی ئەمریكا بڕیاری دا بۆردوومانی چەند ئامانجێك بكات، ئەوا داعش ئەم ستراتیژیەتەی گۆڕی. ئێستا ناچارن بگەڕێنەوە بۆ تاكتیكە بنەڕەتییەكەیان، تاكتیكە كۆنەكەیان كە ئەلقاعیدە بەكاری دەهێنێت، ئەویش بریتییە لە خۆ حەشاردان و هێرشی بچووك، ناتوانن پەلاماری گەورە بدەن، وەك گرتنی شارێكی گەورەی وەك مووسڵ، یاخود بە ژمارەیەكی گەورە هێرش بكەن، چونكە دەزانن ئەگەر ئەم كارە بكەن، ئەوان لە ئاسمانەوە دەكرێنە ئامانج، كەواتە دەبێت بگەڕێنەوە بۆ شارەكە و خۆیان لە شارەكەدا بشارنەوە و هێرشی بچووك بكەن، كە جووڵەی گەورە لە خۆ ناگرێت.

هەروەها نزار جەنابی گوتی: باس لەوە كرا كە هێزە كوردییەكان لە لایەن داعشەوە هێرشیان كراوەتە سەر و داعش توانیویەتی پێشرشەوی بكات، بەڵام ئەوە لە كاتێكدا ڕووی دا كە هێزی پێشمەرگە چەكی باشیان لەبەر دەست نەبووە، هەروەها كەل و پەلی خراپیان پێ بوو، هێزی چەكەكانی داعش لە هی ئەوان زیاتر بوو، بەڵام لەگەڵ دەست پێ كردنی هێرشی ئاسمانیی ئەمریكا بۆ پشتیوانی كردنی پێشمەرگە، پێشمەرگە توانیی هێرش دەست پێ بكاتەوە و توانییان بگەڕێنەوە پێگەی خۆیان. پێم وایە گرنگە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەوە تێبگات، بۆ ئەوەی بتوانێت لەو شەڕەدا سەركەوتوو بێت لەو ناوچەیەی جیهاندا، كە لە هەرێمی كوردستان و مووسڵ و شنگال ڕوو دەدات، ئەوا پێویستە پشتیوانیی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان بكەن، بە پێدانی تەقەمەنی و چەك و ئەو پشتیوانییەی پێویستیانە بۆ بردنەوەی ئەم شەڕە.

شایانی باسە جەنابی لە درێژەی دیدارەكەیدا گوتی: پێم وایە باشترین چارەسەر بۆ ئەمریكا ئەوەیە پشتیوانی لە پێشمەرگە بكات بۆ سەركەوتن لەم شەڕەدا، لەسەر ئەرزی واقیع بە پێدانی چەك و پشتیوانیی لۆژیستی و كەل و پەل پشتیوانییان بكات، هەروەها لە نزیكەوە پشتیوانیی ئاسمانیشیان لێ بكات، ئیتر ئێف 18 بێت یان ئێف 16 یان ئەپاتچی، كە دەكرێت ئەمانە بجووڵێندرێن بۆ هەرێمی كوردستان و لە شەڕەكەدا بەكار بهێندرێن. تا ئێستا هێرشی ئاسمانی لە كەنداو و كەشتیی فڕۆكەهەڵگرەوە كراوە، پێم وایە پێویستە بنكەیەكی سەربازی لە هەولێردا بكەنەوە و فڕۆكەخانەیەك لەوێ دروست بكەن، لە هەولێرەوە هێرشیان بكەنە سەر. هەر چۆنێك بێت ئەمە بڕیارێكی سیاسیی دەوێت كە هێز ڕەوانە بكەن. ئیدارەی ئێستای ئەمریكا دوودڵە لە بەجێ گەیاندنی ئەم هەنگاوە.

درێژەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە (989)


Top