یانزە كەمپ بۆ ئاوارەكان لە دهۆك دەكرێنەوە

 یانزە كەمپ بۆ ئاوارەكان لە دهۆك دەكرێنەوە
پارێزگاری دهۆك ڕایگەیاند، تا ئێستا 79 هەزار خێزانی ئاوارە لە دهۆك تۆمار كراون كە ئەگەر هەر خێزانێك لە 4 كەس پێك هاتبێت، واتا 400 هەزار ئاوارە ڕوویان لە پارێزگای دهۆك كردووە، بۆیە بەرنامە هەیە كە یانزە كەمپیان بۆ بكرێنەوە، تا بە دروستی خزمەتی ئاوارەكان بكرێت.

پارێزگاری دهۆك (فەرهاد ئەترووشی) لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی، "ئێستا پارێزگای دهۆك لە قۆناخی پێشوازیكردنی ئاوارەكانەوە چووەتە قۆناخی نێشتەجێكردن و حەواندنەوەیان، ئێستایش دەست بە دروستكردنی كەمپ بۆ ئاوارەكان كراوە و لە بەرنامەدایە یانزە كەمپیان بۆ بكرێتەوە، تا هەرچی باشتر بتوانین لە هەموو ڕووەكانەوە خزمەتی برا ئاوارەكانمان بكەین".

پارێزگاری دهۆك هەروەها ئاماژەی دا، "بەردەوام شاندی حكوومەتی هەرێم سەردانی ئاوارەكان دەكات و لە پێویستییەكانیان دەكۆڵێتەوە، ئێستایش لەسەر فەرمانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم 35 تا 40 ملیۆن دۆلار بۆ هاریكاریكردنی ئاوارەكان تەرخان كراوە و لە دابینكردنی پێداویستییەكانیان خەرج دەكرێت".
Top