حكومەت چەند بڕیارێك لەسەر رەوشی هەنووكەیی كوردستان دەردەكات
لە راگەیێندراوێكی ئەنجوومەنی وەزیراندا كە لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا نێچیرڤان بارزانی پوختەیەكی دەربارەی رەوشی هەنووكەیی هەرێمی كوردستان و هێرشەكانی داعش و رووداوەكانی دوو هەفتەی رابردوو پێشكەشكرد و بەتایبەتی تیشكی خستە سەر رەوشی شنگال و ئاوارەكان.
نێچیرڤان بارزانی رایگەیاندووە لە میانی بەدواداچوونی خۆی لە چەند رۆژی رابردوودا لە پارێزگای دهۆك، بە تەواوی روونبووەتەوە كە ئەوەی روودەدات و رەوشی ئاوارەكان كارەساتێكی مرۆییەو پێویستی بە كۆمەك و یارمەتیی نێودەوڵەتی هەیە.
بەپێی راگەیێندراوەكە نێچیرڤان بارزانی لە كۆبوونەوەكەدا گوتووشیەتی "ئەوەی بەسەر خوشك و برایانی ئێزدیدا هاتووە و ئەو تاوانانەی رۆژانە تیرۆریستانی داعش دەرهەق بەوان ئەنجامیدەدات، بە هەموو پێوەرێك جینۆسایدە و دوای هەڵەبجە و ئەنفال گەورەترین كارەساتە بەسەر گەلی كوردستاندا هاتبێت، بۆیە حكومەتی هەرێمی كوردستان داوا لە پەرلەمانی عێراق دەكات كە ئەو كردەوانەی داعش دژ بە كوردانی ئێزدی وەك جینۆساید بناسرێ و لەسەر ئەو بنەمایە مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت".
سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان هەروەها سوپاسی ئەمریكا و باراك ئۆباما و وڵاتانی ئەورووپای كردووە، كە یارمەتی هەرێمی كوردستانیان داو رایگەیاندووە "ئەمە پشتگیرییەكی تەواوە بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە لە ریزی پێشەوەی شەڕی جیهاندایە لەگەڵ تیرۆر، ئەو شەڕەی دەبێ هەموو جیهان پێكەوە بیكات و ئەم تیرۆریستانە لە كوردستان و عێراق و ناوچەكە دەربكرێن".
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەشكردووە، كە "لەڕووی سەربازییەوە خەریكە گۆڕانكاریی گەورە دروستدەبێت و پێشمەرگە لە هەموو بەرەكاندا بەرەو پێشەوە دەچن". داوای لە وەزارەتە پەیوەندارەكانیش كردووە كە دەبێ هەموو كارێكی پێویست بۆ هاوكاریی ئاوارەكان بكەن و بەردەوام لەسەر هێڵ بن.
دەشڵێ: "ئاسۆ روونە و ئەوەی ڕوویدا وا دەكات بە كەموكوڕی و هەڵەكانماندا بچینەوە و بە تایبەتی گرنگییەكی تایبەت بە بواری بەرگریی بدەین".
لە راگەیێندراوەكەدا ئاماژە بە لێدوانی چەند وەزیرێك كراوەو تێیدا هاتووە، كە وەزیری پێشمەگە روونیكردەوە كە هێزەكانی پێشمەرگە لەگەڵ هێزەكانی ناوخۆ بە درێژایی سنووری هەرێمی كوردستان لە رووبەڕووبوونەوەدان لەگەڵ داعشدا و توانیویانە زیانی زۆریان لێ بدەن.
گوتووشیەتی "نەبوونی هێزێكی نیشتمانی و پرۆفیشیناڵی مەشقپێكراو لە هەرێمی كوردستان لایەنێكی لاوازی دیاری هێزەكانی پێشمەرگەیە كە دەبێ چارەسەر بكرێت".
مستەفا سەید قادر راشیگەیاندووە "پلان بۆ گرتنەوەی شوێنەكان و دەركردنی تیرۆریستان هەیە و خراوەتە بواری جێبەجێكردنەوە، یارمەتیی نێودەوڵەتی و گەیشتنی چەكیش لە لایەن ئەمریكا و وڵاتانی دیكەی ئەورووپاوە بۆ هەرێمی كوردستان بەردەوامە و بەپێی پلانێك و بەپێی پێویستییەكان بەسەر بەرەكانی شەڕ و پێشمەرگەدا دابەش بكرێت".
راگەیێندراوەكە ئاماژە بە لێدوانی رێباز حەملان وەزیری دارایی كردووە، كە داوای دابینكردنی بودجەی تایبەت و ئاسانكاری لە ڕێنماییەكانی خەرجكردن كردووە بەمەبەستی هەرچی زوو گەیاندنی خزمەتگوزارییە هەنووكەییەكانە بۆ ئاوارەكان. راشیگەیاندووە "لە پارێزگای دهۆك ڕەوشەكە لە دەرەوەی تواناكانی پارێزگا و حكومەتی هەرێمی كوردستانە و مایەی سوپاس و پێزانین و دەستخۆشییە كە وێڕای ئەو بارە ئابوورییە خراپەی لە هەرێمی كوردستان هەیە، پارێزگای دهۆك و دەزگاكانی ئەوێ، زۆر باش و بە شێوەیەكی ڕێكوپێك بە هانای ئاوارەكانەوە چوون".
دەشڵێ "هیچ بڕە پارەیەك وەك یارمەتیی نێودەوڵەتی نەگەیشتووەتە هیچ لایەنێكی حكومی و پێداویستییەكان ئەوەندە زۆرن كە دەبێ لەگەڵ كۆمەك و یارمەتیی مرۆیی، بە پارەش هاوكاریی حكومەت بكرێت بۆ ئەوەی بتوانێت بە هانای ئەو هەموو پەنابەر و ئاوارانەوە بچێت".
هەر بەپێی راگەیێندراوەكە عەلی سندی وەزیری پلانداندان روونیكردەوە كە لە ساڵی 2003ەوە تا ئێستا سێ قۆناغی پەنابەر و ئاوارە لە هەرێمی كوردستان هەن كە زیاترینیان لە پارێزگای دهۆكن. راشیگەیاندووە لە دهۆك زیاتر لە 600,000 پەنابەر و ئاوارە هەیە، كە لە وانە 275000 كەس پێویستیی بەپەلەیان بە شوێنی حەوانەوە هەیە.
وەزیری پلاندانان رایگەیاندووە هەڵمەتێكی سەرژمێركردنی ئاوارەكانی رووداوەكانی ئەم دواییە دەستپێكراوە بۆ ئەوەی هەموو پەنابەر و ئاوارەكان كارت و ناسنامەیان بۆ بكرێت و شوێنی حەوانەوە و مانەوە و پێداویستییەكانیان دیار بێت، چونكە بە هۆی پەرتەوازەیی و نیشتەجێبوونیان لە شوێنی جیاجیا و نەبوونی كەمپ، ژمارەی دروستی ئاوارەكان جێگیر نەكراوە.
هەر بەپێی راگەیێندراوەكەو لە كۆبوونەوەكەدا رێكەوت حەمە رەشید وەزیری تەندروستی باسی لەوە كردووە، كە تا ئێستا هیچ پەتایەك لە ناو پەنابەران و ئاوارەكاندا نییە، بەڵام مەترسی لە ئەگەری بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و پەتا دەكرێت، بۆیە دەبێ گرنگی بە لایەنی تەندروستی و دابینكردنی ئاوی پاكی خواردنەوە بدرێت.
پشتیوان سادق وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە ، دەبێت پەلە لە دابینكردنی شوێنی حەوانە بۆ ئاوارەكان بكرێت، چونكە ئەگەر خوێنگا و قوتابخانەكان كە ئێستا ئاوارەی تیادا نیشتەجێ كراوە بۆ كاتی دەستپێكردنی خوێندن چۆڵ نەكرێن، ئەوا 50 هەزار قوتابی و خوێندكار لە خوێندن بێبەش دەبن.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران پێشنیازی دامەزراندنی دەزگایەكی تایبەتی كرد بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم كەیسە لەناكاوانەی دێنە پێشەوە و ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا لیژنەیەك دروستبكرێت بۆ لێكۆڵینەوە لە دروستكردنی دامەزراوەیەك بۆ چۆنیەتی رووبەڕووبوونەوە یان مامەڵەكردن لەگەڵ كەیسە لەناكاوەكانی وەك ئێستا لە لێقەومان و هاتنی پەنابەر و ئاوارە بۆ هەرێم. هەروەها سەرژمێرییەكی ورد ئەنجام بدرێت و پەلەی لێ بكرێت بۆ ئەوەی بە زووترین كات ژمارەی تەواو و ورد و دروستی پەنابەران و ئاوارەكان و شوێنی مانەوەیان دیاری بكرێت و بۆ ئەم مەبەستە داوا لە لایەنە پەیوەندارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان بكرێت لەم پرسەدا هاوكاریی حكومەت بكات.
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان هەروەها پرسە و سەرەخۆشی لە خانەوادەی لیوای فڕۆكەوانی هێزە ئاسمانییەكانی عێراق "ماجد عبدالسلام سالم التمیمی" كرد كە لە رووداوی كەوتنەخوارەی هیلیكۆپتەرەكەیدا لە كاتی پرۆسەی رزگاركردن و گەیاندنی هاوكاری بۆ لێقەوماوانی چیای شنگال گیانی لە دەستدا. ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا وەك شەهید لە هەرێمی كوردستان تۆمار بكرێت و وەك وەفادارییەك بۆ یادی ئەو شەهیدە، لە شوێنێكی گشتی لە هەرێمی كوردستان پەیكەرێكی بۆ بكرێت و پرسەنامەیەكی فەرمی بە ناوی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بگەیەنرێتە خانەوادەكەی.
هەر لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆدا بڕیار دراوە لیژنەیەكی حكومی پێك بێت بۆ كۆكردنەوە و بەدۆكیۆمێنتكردنی بەڵگەنامە و وێنە و ڤیدیۆ و وەرگرتنی وتەی شایەدحاڵەكان و تۆماركردنی داوای یاسایی لە دادگا و لایەنە دادپەروەرییە نێودەوڵەتییەكان بۆ بەدواداچوونی پرسی بەجینۆسایدناسانی كوشتار و تاوانەكانی داعش لە شنگال و دەروبەری، لەسەر هەرسێ ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق و نێودەوڵەتیدا.
لە راگەیێندراوەكەدا ئەوەش هاتووە ، كە ئەنجوومەنی وەزیران سوپاسی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كرد كە بڕیارێكی تایبەتی بۆ بێچەككردن و ڕاوەدوونانی داعش دەركردووە و بڕیاری دا بە فەرمی داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بكات بۆ دابینكردنی پارستنێكی ئاسمانیی نێودەوڵەتی بۆ شنگال و ناوچە كوردستانییەكانی ئەو دەڤەرە و پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی ئەوێ كە رووبەڕووی هەڕەشە و تاوانەكانی داعش بوونەتەوە.
رووداو
