ئاوارەكانی مەخموور قەرەبوو دەكرێنەوە
ئیبراهیم شێخەڵڵا، قایمقامی قەزای مەخموور رایگەیاند، "وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی حكومەتی عێراق بڕیاریداوە وەك یارمەتییەك بۆ ئەو كەسانەی كە بە هۆی رووداوەكانی ئەم دواییانە لە مەخموور بۆ هەولێر و دەورووبەری ئاوارەبوون، بڕی یەك ملیۆن دینار بە هەر خێزانێك بدات".
قایمقامی قەزای مەخموور، ئەمڕۆ یەكشەممە 17.8.2014ـی بە دوایین مۆڵەت دانا بۆ وەرگرتنی داواكاری هاووڵاتییان و رایگەیاند، "تاوەكو كاژێر 4ـی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە هۆڵی ئۆسكاری شاری هەولێر، داواكاری هاووڵاتییان وەردەگیرێت بۆ پێدانی ئەو یارمەتییە و ئەو شتانەش كە پێویستە، ناسنامەی باری شارستانی،ناسنامەی عێراقی و كارتی زانیاری نیشتەجێبوونە".
ئیبراهیم شێخەڵڵا داوای لەو هاووڵاتییانە كرد، كە پێشتر ماڵیان لە هەولێر بووە، "داواكاری پێشكەش نەكەن لەبەر ئەوەی ئەو یارمەتییە نایانگرێتەوە و لیژنەیەكیش بۆ ئەو مەبەستە پێكهێنراوە، كە لێكۆڵینەوە دەكات بزانێت ئەو كەسانەی داواكارییان پێشكەشكردووە ماڵیان لە مەخموور بووە یان نا، لەبەر ئەوەی ئەو یارمەتییە تەنها بەو خێزانانە دەدرێت كە نیشتەجێی مەخموورن".
رووداو
