یەکێتی پیرۆزبایی له‌ پارتی ده‌كات

یەکێتی پیرۆزبایی له‌ پارتی ده‌كات
بەبۆنەی یادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان, مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، پیرۆزبایی لە پارتی کرد و ئومێدیان خواست، ئەم یادە، بەسەرکەوتن بۆ گەلەکەمانء ھێزە سیاسییەکانی بەسەر دوژمنانی دیموکراسیدا بگێڕین.

ئەمەش دەقەکەیەتی:


سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان
جەنابی مەسعود بارزانی
بەڕێزان!
جێگری سەرۆکء مەکتەبی سیاسی پارتی
پاش رێزء سڵاوی گەرممان

بەبۆنەی ١٦/ی ئابەوە، رۆژی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، بەناوی مەکتەبی سیاسی یەکێتییەوە، پیرۆزباییەکی گەرمتان لێدەکەینء ئومێدەواریشین، ئەم یادە، بەسەرکەوتن بۆ گەلەکەمانء ھێزە سیاسییەکانی بەسەر دوژمنانی دیموکراسیدا بگێڕین.
بەڕێزینە!
وا لەھەلومەرجێکی تریشدا، دوای سەرکەوتنی ئەزمونی فیدراڵ لەکوردستاندا، دوژمنێکی تیرۆریستی فاشیستی، کە لەکونء کەلێنی کۆمەلڕء ھزری دواکەوتوی خەڵکدا، کنەیان دەکردو خۆیان بۆ دوا جەنگی دوژمنایەتی دیموکراسیء ئازادییەکان مەڵاس دابوو، وا ئەم دوژمنەش، لەناوچەکەداو لەعیراقدا، ھێزە (سەلەفییە- تیرۆریستییەکانی) لەتەواوی جیھاندا کۆکردۆتەوەء بەھەموو توانایەکی رەشەکوژییەوە، لەباشوری کوردستاندا، پیلانی شۆڕشی چەواشە دەسەپێننء تاوانی سەدەکانی ناوەڕاست ئەنجام دەدەن.
ئەم دوژمنەش، لەم ھەلومەرجەشدا، لەڕووی بابەتییەوە، دیسان دەریخستەوە کە گەلەکەمان، ھێشتا رێگایەکی درێژو سەختی بەدیھێنانی مافی چارەی خۆنوسینی لەبەردەمدایە. رێگایەک، یەکێتیی ھێزە کوردستانییەکانی لەبەرامبەر تەواوی دوژمنانی رزگاریء دیموکراسیدا، کردۆتە پێویستییەکی ستراتیژی قۆناغەکە.
بەڕێزان!
سەرەڕای کارەساتەکەی شەنگالء قوربانیء زیانەکان، بەڵام خۆڕاگری پێشمەرگەو پشتیوانی دڵسۆزانەی نەتەوەکەمانء، بەھانا ھاتنی وڵاتە گەورەکان، نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتیی ئۆروپاء رای گشتی جیھان، گومانی نەھێشت کە سەنگی ئەزموونە دیموکراسییەکەمان چەندە،ء ئەم بەرەنگارییەش دژی (بەعس- داعش)کان، چ کاریگەرییەکی مێژوویی بۆ سەر رای گشتیء بڕیاری نێودەوڵەتی ھەبوو. دەتوانین بڵێین: تەنانەت کوردستان بوو بەمەیدانی کۆکردنەوەی ئازادیخوازان بۆ بەرھەڵستی دوژمنانی ئازادی، ئەمەش دەروازەیەکی نوێی مێژوویی بۆ کێشەی دیموکراسی سەراپای کوردستان کردەوە، کە ببێتە کێشەی پلەیەکی دیموکراسی لەڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا.
بەڕێزینە!
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەکاتێکدا، سەلماندییەوە کە چ ھێزێکی شۆڕشگێڕی رۆژگاری ھەڕەشەیە بۆ سەر کوردستانء ئازادی، لەھەمانکاتدا، پاراستنی پەیوەندی سیاسی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان، بەپێی ئەرکەکانی قۆناغە نوێکە، ھەروەھا لەگەڵ ھێزە کوردستانییەکاندا، لەھەموو کاتێک زیاتر بەئەرکی سیاسیء نەتەوەیی خۆی دەزانێ.
جارێکی دیکە، پیرۆزبایی گەرممان ئاراستەی بەڕێز سەرۆکی پارتیء مەکتەبی سیاسی، لەڕێی بەڕێزیشتانەوە پیرۆزبایی لەیەکەبەیەکەی ئەندامانی پارتی لەکوردستاندا، بەبۆنەی یادی (٦٨)مین ساڵڕۆژی دامەزراندنی پارتە تێکۆشەرەکەتان لێدەکەین.
لەگەڵ رێزی دووبارەمان
-سڵاو لەھێزی پێشمەرگە
-نەوازش بۆ شەھیدە نەمرەکان
-شکستء رووڕەشی بۆ تیرۆریستان


مەکتەبی سیاسی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
١٦/ ئابی/ ٢٠١٤
Top