بروسکەی پیرۆزبایی سەرۆک کۆماری عێراق بە بۆنەی شەست و هەشتەمین ساڵی دامەزرانی پارتی دیموکراتی کوردستان
بە ناوی پەروەردگاری بەخشندە و میهرەبانەوە
بەڕێز جەنابی كاك مەسعود بارزانی
سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆكی هەرێمی كوردستانی عێراق
سڵاوێكی گەرم
بە بۆنەی شەست وهەشتەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە گەرمترین پیرۆزباییتان لێ دەكەم لە رێی ئێوەشەوە پیرۆزبایی لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی و ئەنجومەنی سەركردایەتیی و ئەندام و دۆست و لایەنگر و پێشمەرگەكانی پارتی دەكەم .
هیوادارم ئەم یادە نیشتمانیی و نەتەوەییە ببێتە مایەی پێشكەوتنی زیاتری ژیانی سیاسیی و پێكەوە ژیان و دیموكراسیی و ئازادییەكان لە هەردو ئاستی عێراقیی و كوردستانیی ، یەكڕیزیی نێوان هێز و پێكهاتەكان زیاتر قوڵ بكاتەوە بۆ پێشكەوتن و گەشەسەندن لە هەمو ئاستەكاندا بە تایبەتیی لەم هەلو مەرجەدا كە نیشتمان و هاوڵاتییان بە هەمو پێكهاتەكانەوە بە تایبەتیی خوشك وبرایانی ئێزدی و مەسیحییەكان روبەروی ترسناكترین هەڕەشەی تێرۆر بوەتەوە .
دڵنیام ، پارتیش وەك هێزێكی دیموكراتخوازی پێشكەوتنخواز كە بەدرێژایی دەیان ساڵی رابردوی خەبات رۆلّی گەورەی هەبوە و لە بنیاتنانی عێراقی نوێشدا جێ دەستی دیارە ،لەم جەنگە چارەنوس سازەشدا شان بەشانی هەمو هێزە عێراقیی و كوردستانییەكانی دیكە بە سەرۆكایەتی جەنابتان رۆڵی بەرچاوی خۆی دەبینێت .
لە كۆتاییدا پیرۆزبایی خۆم دوبارە دەكەمەوە هەر سەركەوتو و سەربەرز بن .
براتان
د.فوئاد مەعسوم
سەرۆك كۆمار
