بەیاننامەی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان دەربارەی رووداوەكانی ئەمدواییەی قەزای شەنگال و دەوروبەری
ئێمە لەكاتێكدا كە زۆر بەتوندی ئەو تاوانە دەستەجەمعی و نامرۆییانەی دەوڵەتی خەلافەتی بەناو ئیسلامی (داعش) ئیدانەومەحكوم دەكەین و ئەو رەفتارانەیان بەرامبەر بە برایانی كوردی ئێزیدی بە جینۆسایدی لەقەڵەم دەدەین، كە كارەساتێكی گەورەی مرۆیی كەم وێنەیەو پێویست دەكات وڵاتانی بریار بەدەستەكانی جیهان و نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەنجوومەنی ئاسایش و رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ، پەلەی لێبكەن بۆ رێگرتن لەو تاوانكاریەو بە كۆدەنگیەوە میكانیزمی بەپەلە رێكبخەن بۆ بەهاناهاتنی دانیشتوانی ئەو ناوچانە.
بە هەموو هێزو توانایاكمانەوەش وەك چۆن هەوڵمان داوە زیاتر كاردەكەین چ لەسەر ئاستی ناوخۆ یا دەرەكیەوە بۆ بەهاناهاتنی خوشك و برایانی ئێزیدی و پاڵپشتیكردنیان و رزگاركردنی شارودێهاتەكانیان و گەڕانەوەیان بۆ زێدی رەسەنی خۆیان لە لایەك و لەلایەكیتریشەوە پاراستنی تەواوی خاكی كوردستان كە نمونەی پێشكەوتنی دیموكراسیەت و پێكەوە ژیانی نەتەوەیی و ئاین و ئاینزا جیاجیاكان و یەكترقبوڵكردنە..
پرسەوسەرەخۆشیمان بۆ كەسوكاری قوربانییەكان ..
دروود بۆ گیانی شەهیدان و قوربانیانی ئەو تاوانكارییە نامرۆڤایەتییە..
مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
15/8/2014
