بەیاننامەی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بەبۆنەی (68)مین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان

بەیاننامەی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بەبۆنەی (68)مین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان
16ی ئاب ساڵڕۆژی دامەزراندنی پارتیمان، پارتی دیموكراتی كوردستان، لە كادیر و ئەندام و لایەنگر و دۆستان و لە گشت گەلی كوردستان و بە تایبەتی لە هێزی دلێر و خۆڕاگری پێشمەرگە و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان، پیرۆزدەكەین و، هیوادارین و هەوڵی بۆدەدەین كە گەلەكەمان لە بەختەوەری و سەركەوتن دابێت..
دامەزراندنی پارتی بە ڕێنمایی بارزانی نەمر وەرچەرخانێكی مەزن بوو لە بزوتنەوەی رزگاریخوازی كورد و كاروانی خەباتی نەسرەوتو و تێكۆشاندا، هەروەها زەرورەتێكی مێژوویی بوو لەو سەروبەندەی كۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی دووەم بۆ بەدیهێنانی خواست و ئاواتەكانی گەلەكەمان لە گەیشتن بەگشت مافە رەواكانی..
پارتی هەڵقوڵاوی كولتوری شۆڕشگێڕی كوردایەتی و رەسەنایەتی بوو، لە ئانوساتێكی زۆر پێویست هاتە كایەوە و رابەرایەتی گەلی كوردستانی كرد لە سەردەمی پاشایەتی ئێڕاقدا و دواتریش رابەرایەتی شۆڕشی ئەیلولی كورد، كە سەرەتایەكی مەزنبوو لە بەتواناكردنی گەلی كورد بۆ گێڕانەوەی مافە زەوتكراوەكان و مەشخەڵی خەبات و بەرخودانی هەڵگرت و لەو رێگەیەشدا بەدرێژایی كاروانی تێكۆشانی هەزاران شەهید و قوربانی داوە بۆ پاراستنی كیان و هەبوون و شكۆداری نەتەوەیی گەلی كورد و كوردستانییەكان و روبەڕوبوونەوەی ستەم و زۆرداری رژێمە یەك لەدوای یەكەكان.
هەڤاڵانی خۆشەویست...
زنجیرەی خەباتی نەپساوەی چەكدرای و سیاسی و دیپلۆماسی و ئیعلامی پارتیمان لە قۆناغە جیاجیاكانی تێكۆشانیدا لە سەردەمی پاشایەتی و كۆماری دا و هەروەها لە شۆڕشەكانی ئەیلولی مەزن و گوڵانی پێشكەوتنخواز و راپەڕینی ئاداری (1991) دا و ئەو دەستكەوتانەی لەو كاروانە نەپساوەی پڕ سەروەریەیدا بەدیهاتوون، گەواهیدەری ئەوەن، كە پارتی هێزێك و رێكخستنێكی پێشەنگ و پشتئەستور بووە بە جەماوەر و تێكڕای چین و توێژەكان و پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبیە جیاجیاكانی كوردستان، هەروەها بەگیانی كوردایەتی و كوردستانی و كولتوری دیالۆگ و برایەتی و پێكەوەژیان لەسەر ئاستی ناوخۆ و پارچەكانی دیكەی كوردستان كاریكردووە بۆ بەدیهێنانی ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان و سەرخستنی دۆزە رەواكەمان و دابینكردنی مافەكانمان.
هەڤاڵانی بەڕێز...
لەسەر ئاستی ناوخۆییدا پارتیمان بەگیان و هەستی بەرپرسیایەتی و دیموكراسیانەی ئەوتۆ شانبەشانی هێز و لایەنە هاوپەیمان و سیاسیەكانی دۆست لە كوردستان كاریكردوە، بۆ یەكڕیزی و رێكخستنی نێوماڵی كوردستانی و وەلانانی كێشە و گرفتە لابەلاكان لە قۆناغەكانی بەرایی و دواتریش لە پێكهێنانی حكومەت و پێشخستنی ئەزموونی هەرێم و حوكمڕانیكردن و هەنگاونان بۆ بونیادنانی كۆمەڵگایەكی مەدەنی كە تیایدا ئازادیەكانی تاك و كۆمەڵ بەرجەستەبكرێن و لە ناویشیاندا ئازادی را دەربڕین و راگەیاندن و باوەڕەكان و هەروەها پەیڕەوكردن و پابەندبوون بە بنەماو پڕنسیپە یاساییەكان و فرە حزبی و دەستاو دەستكردنی ئاشتیانەی دەسەڵات و ئینجا پتەوكردنی رەگەز و بنەماكانی دەوڵەتداری لە رووی ژێرخانی ئەمنی و ئابووری و سەقامگیری و ئاسودەیی بۆ هاوڵاتیان و بەجێگەیاندنی پلان و پرۆسەكانی ئاوەدانی و بوژاندنەوەی هەرێمی كوردستان لە گشت بوارەكاندا و، هەوڵی بێ وچان بۆ گێڕانەوەی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و دابینكردنی مافە نەتەوایەتی و كولتوری و ئاینی بۆ نەتەوە و ئاینزا جیاوازەكانی كوردستان، وەك توركمان و كلدان سریان ئاشوری و كوردانی ئێزیدی و چەسپاندنی كولتوری پێكەوەژیان لە كوردستاندا.
لەسەر ئاستی ئێڕاقیشدا پارتیمان و سەرۆك مەسعود بارزانی رۆڵی گرینگیان هەبوو لە بنیادنانەوەی ئێڕاق بەشێوازێكی نوێ و جیاواز لە پێشوو، هەوڵی زۆریان دا بۆ ئەوەی ئێڕاق هی هەموو پێكهاتەكان بێت، لە دوایشدا بۆ چەسپاندنی سیستمی دیموكراسی و پەرلەمانی فیدراڵی و پاراستنی یەكێتی نیشتمانی ئێڕاقی بە ئارەزومەندانە و چارەسەركردنی ئەو كێشە هەڵپەسێردراوانەی كە حكومەتی فیدراڵ بە ئەنقەست، خۆی لە چارەسەركردنیان دەدزیەوە، چارەسەركردنی ئەو كێشانەی كە ئۆقرەیی و سەقامگیری وڵاتیان فەراهەمدەكرد و هەروەك دەست تێوەردانی دەرەكیشیان بە زەحمەت دەخست.
لەسەر ئاستی وڵاتانی دراوسێ، پاراستنی سەروەریەكان و تایبەتمەندی هەر وڵاتێك و پرنسیپی رێزگرتن لە بەرژەوەندی هاوبەش و هەماهەنگی دۆستانە و سود بەیەكترگەیاندن لە رووی ئابوری و كولتورییەوە، پەیڕەوكراوە.
لەئاستی نێودەوڵەتیش، پارتیمان باوەڕی بە دۆستایەتی و هەنگاونان بۆ پێشخستنی ئاستی پەیوەندیەكان هەبووە بە جۆرێك كە ئێڕاق دەربازبێت لەو تێڕوانینە چوارچێوەدارانەی كە لە رژێمەكانی پێشوو بە میرات بۆی ماوەتەوە و دروستكردنەوەی كەسایەتی تاكی ئێڕاقی لە نێوەندە نێودەوڵەتی و مەدەنیەكانیشدا كە پێشتر بێزرابوون، بگەڕێنێتەوە ئاستی سروشتی خۆی.
بێگومان ئاشكرایە رەوشی ئەمڕۆی ئێڕاق بە گشتی و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی هەروەها ناوچەكەش، چەندە هەستیار و چارەنوسساز و گرینگە، ئێمە لە هەرێمی كوردستاندا لەبەردەم شەڕێكی دژوارداین لە بەرامبەر تیرۆرستان و مەتەرێزی بەرگریمان گرتووە و شەڕی ئیرهابێكی جیهانی دەكەین و، نایشارینەوە بەشێكی هۆكاری راكێشانی ئەم شەڕە بۆ ئێڕاق و كوردستان ئەو زەمینە خۆشكردنەبوو كە سیاسەتە نا راست و چەوتەكانی دەسەڵاتدارانی بەغدا ئامادەیانكرد، جێبەجێ نەكردنی دەستور و رێكەوتننامەكان و بە ئەقڵیەتی تایفی كاركردن و پەڕاوێزخستنی ئەوانی دیكە، ئەم بارو دۆخەی لێ كەوتەوە و تیرۆرستان پەناگەیەكی گونجاویان دەستكەوت. لە كاتێكدا كە دەمێك بوو پارتی و سەرۆك بارزانی، لایەنە كوردستانییەكان و بەشداربوانی پرۆسەی سیاسی ئێراق و دراوسێكان و هەتا دەوڵەتانی زلهێزی جیهانیشیان ئاگاداركردبۆوە و، بە گەواهی و دیكۆمێنت پێیان گوترا دەوڵەتمەداری ئێڕاق و دەستەیەكی دەور و پشتی پڕۆسەی سیاسی ئەم وڵاتە بەرەو هەڵدێر دەبەن، بەڵام پاش پشتگیریەكی زۆری ئەو دەوڵەتمەدارە و دارودەستەكەی، كە بەشێكی ئێڕاق كەوتە دەست تیرۆرستانی داعش و هەڕەشە كەوتە سەر بەغدا ئینجا سیاسەت و تێڕوانینەكانیان گۆڕی، كە چارەسەركردنی كێشەكان لە ساڵانی رابردوو زۆر ئاسانتربوو، كەچی ئێستا دەبێ بە نرخێكی زۆرگران و كاتێكی زیاتر و زەحمەت و ماڵوێرانی هاوڵاتیان چارەسەر بكرێ. لەگەڵ ئەوەشدا بەشێكی ئەم گۆڕانكاریانەی روویاندا بەباش دەزانین و هیوادارین دەرس لە رابردوو وەرگیرابێ و سەرۆك وەزیرانی داهاتوو رێچكەی دەوڵەتمەداری پێشوو نەگرێتەبەر و هەموو لایەنەكان بە ناوخۆی ئێڕاق و كوردستان و دەرەوەش، بە چاكەی ناوبراو بڵێن چاكە و بەخراپەش بلێن خراپ.
هەڤاڵان و جەماوەری خۆڕاگری كوردستان....
ئێمە لەكاتێكدا یادی (68)مین ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەینەوە، كە نیشتمانەكەمان هەر لە شەنگاوە تا مەندەلی كەوتۆتە بەر هێرشی ناڕەوای دەوڵەتی خەلافەتی بەناو ئیسلامی (داعش) و سەدان هەزار خەڵكی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان ئاوارەی هەرێم بوون، هەروەكو سەدان هەزار كەسی دیكە لە برایانی كریستیان و عەرەبی پارێزگاكانی موصل و تكریت و ئەنبار و دیالە و شارەكانی دیكەی ئێڕاق ئاوارەی كوردستانن، ئەمە جگە لە هاونیشتمانیانی رۆژئاوای كوردستان.. سەربەرزین بە مەردایەتی و مرۆڤ دۆستیتان، حەواندنەوەی ئەو خەڵكە كارەسات بەسەرهاتووەی كە ژمارەیان دەگاتە دوو ملیۆن كەس لە هەرێمی كوردستاندا جێگای شانازییە..

جەماوەری دڵسۆزی كوردستان...
پێشمەرگە نەبەردەكانی كوردستان بەو ئیمكانیاتە متەوازعەی بەردەستیان كە ساڵانێكی زۆربوو سەرۆك وەزیرانی پێشووی ئێڕاق بێ بەشی كردبوون لە چەك و پێداویستیەكانی بەرگری و موچە و كەلو پەلی سەربازی و لەبەرامبەریشدا چەك و كەلوپەلێكی زۆری سەربازی كەوتە بەردەستی تیرۆرستان و شەڕی كوردستانی پێدەكەن، بەڵام بە پشتیوانی جەماوەری كوردستان پێشمەرگە گیان لەسەر دەستەكان بە ورەی بەرز و باوەڕی كوردانەیان لە هەڵمەتی پێچەوانەدان و چەندین شار و شارۆچكەیان لە داعش و داعشیەكان پاك كردۆتەوە، خۆڕاگری پێشمەرگە و سیاسەتی دروست و سەردەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆك مەسعود بارزانی و كاری لە مێژینەی بەڕێزیان لەسەر دیپلۆماسیەتی دروستی هەرێم وایكرد، زۆربەی حكومەتەكانی زلهێزی جیهان و وڵاتانی ئەوروپا و نەوچەكەیش بێنە سەر خەت بۆ هاوكاری كوردستان بە دابینكردنی چەك بۆ پێشمەرگە و پێداویستیەكانی دیكەش بۆ ئاوارە و لێقەوماوەكان. ئەم بەدەنگەوە هاتنە گۆڕانكارییەكی گەورەبوو لە جیهانی نوێدا كە كوردستان ئێسا شەڕی تیرۆری جیهانی دەكات، بۆیە جێی خۆیەتی لێرەوە سوپاسی حكومەت و گەلی ئەمریكا و نەتەوە یەكگرتووەكان و حكومەت و گەلانی ئەوروپا بكەین و هەروەها سوپاسی گەل و كۆماری ئیسلامی ئێران و وڵاتانی دراوسێ و هەموو ئەو وڵاتانەی كە لەرووی سەربازی یاخود مرۆییەوە هاوكارییان پێشكەشی كوردستان كردووە بۆ شەڕی دژی تیرۆری جیهانی، دەكەین.
هاوكات لەگەڵ یادكردنەوەی 16ی ئاب لە شەڕێكی بەربڵاوداین، دڵنیایی دەدەین كە سەركەوتوودەبین چەنكە پێشمەرگە لە سەنگەری شەڕێكی رەوا دایە بە پشتگیری خەڵكی كوردستان و، زۆربەی وڵاتانی جیهانی پاڵپشتمانن..
یەك ریزی لایەنە سیاسیەكانی كوردستان و جەماوەر هۆكاری سەرەكی سەركەوتنەكانمان دەبن، هەروەها لەم یادەدا جارێكی دیكە بەلێن و سۆز بەخوێن و گیانی پاكی شەهیدان و گەلەكەمان دەدەین و جەخت دەكەینەوە لەسەر بەردەوامبوون لەسەر رێبازی بارزانی نەمر بەڕێبەرایەتی سەرۆكی خۆشەویستمان سەرۆك مەسعود بارزانی كە رێبازی كوردایەتی و نیشتمانیمانە بۆ پاراستنی ئەو ئەزموون و دەسكەوتانەی كە بەرهەمی خوێنی شەهیدان و قوربانیدانەكانمانن و دابینكردنی ئارامی و ئاسودەیی بۆ هاوڵاتیان.
لەم بۆنە مێژوویەدا سوپاس و پێزانین ئاراستەی گشت هەڤاڵانمان و كادیر و ئەندام و لایەنگر و دۆستانمان دەكەین و رۆڵیان بەرز دەنرخێنین لە داكۆكیكردن لە پارتە رەسەنەكەیان و سوربونیان لەسەر بەدیهێنانی ئەو پەیام و پەیمانەی داویانە و ساڵانێكی زۆرە لە رێبازی بارزانییەوە قوربانی بۆ دەدەن تا گەیشتن بە ئایندەیەكی گەشتر و دیاریكردنی چارەنوسی گەل و نیشتمانەكەمان بە ویست و ئیرادەی خۆمان.
سڵاو لە گیانی پاكی سەرجەم شەهیدانی بزوتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان.. نەمریی و سەروەریی بۆ رۆحی پاكی بارزانی نەمر و كاكە ئیدریسی هەمیشە زیندوو...
سڵاو لە گیانی پاكی شەهیدانی بەرەكانی جەنگی دژە تیرۆر و پاراستنی كوردستان...
سڵاو لە پێشمەرگە نەبەردەكانی بەرەكانی جەنگی دژی تیرۆرستان..
سڵاو لە جەماوەری خۆڕاگر و پشتیوانی پێشمەرگەی كوردستان..
سڵاو لە خانەوادە ئاوارەكانی ناوخۆ و دەرەوە..
سڵاو و پێزانین لە تەواوی ئەو گەل و وڵاتانەی بە پەرۆشەوەن بۆ سەركەوتنی كوردستان..
هەر بەرزوشەكاوە بێت ئاڵای كوردستان..
مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
16/8/2014


Top