وەزیری پەروەردە کاتی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن و تاقیکردنەوەی خولی دووەم رادەگەیەنێت

 وەزیری پەروەردە کاتی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن و تاقیکردنەوەی خولی دووەم رادەگەیەنێت
وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، خوولی دووەمی ئەزموونەكان لە هەرێمی كوردستان ماوەی مانگێك دوادەكەوێت.

پشتیوان سادق، وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا داوای لە حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد، كە شوێنێكی گونجاو بۆ ئاوارەكان دابینبكرێت بۆ ئەوەی قوتابخانەكان چۆڵبكرێن بۆ دەستپێكردنی وەرزێكی نوێی خوێندن.

پشتیوان سادق ئاشكرایشی كرد، "ئێستا ئاوارەكان لە نزیكەی 700 قوتابخانە لە سنووری پارێزگای دهۆك نیشتەجێبوون"، مەترسی ئەوەیشی خستەڕوو، نیشتەجێبوونی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە لە نێو قوتابخانەكان، "ببێتە هۆكاری بێبەشبوونی قوتابیانی سنووری ئەو پارێزگایە لە خوێندن".

سەبارەت بە ئەزموونەكانی پۆلی 12ـی ئامادەیی، وەزیری پەروەردە گوتی، "لەبەر ئەو بارودۆخەی ئێستا لە باشووری كوردستان هەیە، بەتایبەتی ناوچە شنگال و هەموو ئەو قوتابیانەی پێشمەرگەن و قوتابی پۆلی 12ـن، بڕیارماندا بۆ ماوەی یەك مانگ تاقیكردنەوە گشتییەكان دوابخەین"، واتە تاقیكردنەوەكان لەرۆژی یەكشەممە 21/09/2014 دەستپێدەكات.

لەبارەی دواخستنی تاقیكردنەوەكانی پۆلی 9ی بنەڕەتی، پشتیوان سادق گوتی، "دواناخرێت، بەڵكو بەڕێوەبەرایەتی هەر پارێزگایەك بەپێی بارودۆخی تایبەتی خۆی بڕیار دەدات، هەوڵیش دەدەین لە هەولێر، سلێمانی، گەرمیان، هەڵەبجە و كەركووك لەكاتی خۆیدا ئەنجام بدرێن"، چونكە بە گوتەی وەزیری پەروەردە، "لەو شارانە هیچ گرفتێك نییە، تا دوا بخرێت".

هاوكات وەزیری پەروەردە ئاماری ئەو قوتابییانەی خستەڕوو، كە بەشداری خوولی دووەمی تاقیكردنەوەكان دەبن و گوتی، "زیاتر لە 70 لە سەد دەبێت، ئەمە لەكاتێكدا رێژەی دەرچوون لە خولی یەكەمدا بۆ قوتابیانی پۆلی دوانزە تەنیا سەدا 25 بوو".

پشتیوان سادق ئاماژەی بەوەشکرد، کە زیاتر لە 20-25 هەزار تانە هەبوو لە ئەنجامەكانی تاقیكردنەوەی خوولی یەكەمی پۆلی دوانزە، "دوای ئەوەی بەدواداچوونی جدی كرا، زیاتر لە 300 حاڵەت گۆڕانكاری بەسەردا هات، ئەوانی دیكەش وەك خۆیان مانەوە".

لەبارەی دەستپێكردنی خوێندن بۆ ساڵی خوێندنی 2014-2015، وەزیری پەروەردە گوتی، "دەوام لەكاتی خۆی بە ئاسایی دەستپێدەكات، واتە لە 10 ی 9 دەستپێدەكات، چونكە وەستاندنی خوێندن زیان بە هەموو كۆمەڵگای كوردستان دەگەیەنێت".














رووداو
Top