مووسڵ.. پێشمەرگە گوندی حەساركی ئازاد كرد و شەش چەكداری داعشیش كوژران
بەرپرسی ڕاگەیاندنی لقی 14-ی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ (سەعید مەموزینی) بە kdp.info-ی ڕاگەیاند، پاش ڕووبەڕووبوونەیەك لەگەڵ چەكدارانی تیرۆرستی داعش لە گوندی حەسارك، ئەمرۆ هێزەكانی پێشمەرگە لە میحوەری خازر ئەو گوندەیان لە تیرۆرستانی داعش پاك كردەوە.
(مەموزینی) گوتیشی، فڕۆكە جەنگییەكان ئەمڕۆ بۆردوومانی مونشەئەی كەندیان كرد و لە ئەنجامدا شەش چەكداری داعش هاتنە كوشتن كە خۆیان لەوێ حەشار دابوو.
ئەو بەرپرسەی ڕاگەیاندنی لقی 14-ی پارتیی دیموكراتی كوردستان ڕوونیشی كردەوە، دوای ئەوەی چەكدارانی داعش كۆبوونەوە بە كارمەندانی نەخۆشخانەی كۆماریی مووسڵ دەكەن و چەند یاسایەك بەسەر پزیشك و فەرمانبەرەكاندا دەسەپێنن لەوانە پۆشینی حیجاب، یەكێك لە پزیشكەكان بە ناوی (غادە شەفیق) كە پزیشكێكی بەناوبانگی ئافرەتانە لە شاری مووسڵ، رەخنە لە بڕیارەكانیان دەگرێت، بۆیە پاش كۆبوونەوەكە چەكدارانی داعش ئەو پزیشكە ئافرەتە دەكوژن.
