دواین زانیاری لە بارەی رەوشی جەلەولاوە
سەرچاوەیەك لە هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند؛ هەرچەندە پێشبینی دەكرا شەوی رابردوو چەكدارەكان هێرش بكەن و بۆ ئەو مەبەستەش هێزەكانی ئاسایش و پێشمەرگە و پۆلیس ئامادەكارییەكی باشیان كردبوو، بەڵام هیچ پێكدادانێك رووینەدا.
سەرچاوەكە وتیشی، لە ئێستادا لە گوندی حوسەینییەی نزیك جەلەولا كە بە دەستی چەكدارەكانەوەیە سێ هەمەر دەبیندرێن كە چەكدارەكانی تێدایە لە بەرامبەریشدا هێزەكانی پێشمەرگە لە سنوورەكەدا لەئامادەباشییەكی تەواودان و هێزێكی زۆریش لە پێشمەرگەو ئاسایش و پۆلیس و ژمارەیەك خۆبەخش لە دەوروبەری جەلەولا بە چەكی قورسەوە جێگیركراون.
ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، چەكدارانی داعش پاش تەقاندنەوەی چەند دامودەزگا و شوێنی ئاینی، ئێستا كەوتونەتە تەقاندنەوەی خانووی ئەوانەی سەر بە هێزەكانی پێشمەرگە یان لایەنە حزبییە كوردستانییەكان و هەروەها بە بەردەوامی گەڕان و پشكنین ئەنجامدەدەن بۆ دەستگیركردنی پۆلیس و سەربازانی سوپای عێراقن و تاوەكو ئێستا ژمارەیەكی زۆریان دەستگیركردووە بە تایبەت لە خۆیان و هەروەها كەسوكارەكانیان.
