دەزگای خێرخوازیی بارزانی کاروانێکی دیکەی یارمەتی دەگەیەنێتە پەنابەرانی چیای شەنگال
ئەمڕۆ دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە درێژەی کارو چالاکییەکانیدا بۆ گەیاندنی کۆمەک و ھاوکارییەکان بۆ پەنابەرانی چیای شەنگال کە ئێستاکە لەبارودۆخێکی خراپی ژیان و برسێتیەکی کوشندەدان, بۆ سێیەمین جار لەرێگەی فڕۆکەی بارھەڵگرەوە بە ئامادەبوونی عەزیز شێخ رەزا سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێرەوە کاروانێکی تری یارمەتی و ھاوکاری کە بریتی بوو لە ٢٠ تۆن خۆراک لەوانە: (ئاو, شەربەت, سەمون, شیری منداڵان و پێداویستی منداڵ, پیسکوێت و معەلەبات و پێداویستی دیکە) بە ئامادەبوونی نوێنەری دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەنێو فڕۆکەکە رەوانەی پەنابەرانی چیای شەنگال کرا.
لەو بارەیەوە عەزیز شێخ رەزا سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی سەبارەت بە بەڕێکردنی کاروانی سێیەمی ھاوکارییەکان بۆ پەنابەرانی چیای شەنگال کە بریتی بوو لە ٢٠ تۆن خۆراک و ئاو و شیر و پێداویستی دیکە, رایگەیاند: وەکو دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە ئەرکی سەرشانی خۆمانمان زانی جگە لە ناردنی دوو کاروانی پێشوو, بەردەوامبین لە ناردنی خۆراک و پێداویستی دیکە بۆ پەنابەرانی چیای شەنگال, چونکە ئێستاکە لە باروگوزەرانێکی خراپدا دەژین و رووبەڕووی قات و قڕی و کارەساتی مرۆیی گەورە بوونەتەوە, بۆیە داوا لە رێکخراوە جیھانییەکانیش دەکەم بەھانای خێرای پەنابەرانی چیای شەنگال و سەرجەم پەنابەرانی دیکە بکەون کە ئێستاکە روویان لەناوچە جیاجیاکانی ھەرێمی کوردستان کردووە, ھەروەھا ئاماژەی بەوەدا: وەکو دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەردەوام دەبین لە خزمەتکردن و یارمەتیدانی پەنابەرانی موسڵ و مەسیحی و شەنگال و ئێزیدی و شەبەک ھەتاوەکو دەگەڕێنەوە بۆ زێدی باب و باپیرانیان و کۆتایی بە نەھامەتیەکانیان دێت.
