بڕیاری سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ راپرسی بڕیاری هەر تاكێكی ئەم نیشتمانەیە

بڕیاری سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ راپرسی بڕیاری هەر تاكێكی ئەم نیشتمانەیە
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان مەلا محەممەد نەسروڵڵا پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی عەلی كەمال گوتی: پێش هەموو شت ئێمە وەك گەلی كوردستان دەیان ساڵە بنەمای بوون بە دەوڵەتمان هەیە، لەبەر ئەوەی هەموو دەوڵەتێك چەند بنەمایەكی هەیە و ئەو بنەمایانەش بریتین لە: خاك و زمان و گەل، هەروەها بوونی دەستوور و یاسا بۆ ئەوەی گرێبەستێكی كۆمەڵایەتی لەنێوان تاكەكانی ئەو گەلە دروست بكات، بۆ ئەوەی خۆیان بەڕێوەبەرن، ئەم بنەمایانە چەندین ساڵە لە باشووری كوردستان بوونیان هەیە، بەڵام ئەوەی هەتا ئێستا رێگر بووە لەوەی باشووری كوردستان ئەو هەنگاوە هەڵبگرێت و بڕیاری دەوڵەتی سەربەخۆ بدات، دیارە بارودۆخ و هەلومەرجی نێودەوڵەتی بووە، بۆ ئەمەش هەوڵی زۆری داوە، بەڵام هەوڵەكانی سەركەوتوو نەبوون. مافی دامەزرانی دەوڵەت بۆ كورد وەك هەر گەلێكی دیكەی ئەم زەمینە مافێكی زۆر ئاسایی خۆیەتی كە بڕیاری لە سەر بدات، هەروەها هیچ ئایەتێكی قورئانیش نییە كە فەرزی كردبێت ئیللا كورد هەر دەبێت لەگەڵ عەرەب بژی، لەبەر ئەوەی هەر نەتەوەیەك بە شێوەیەك بیردەكاتەوە و هەر یەكەشیان هیواو ئامانجی خۆی هەیە، بۆیە مەرج نییە كورد لەگەڵ فارس و تورك و عەرەب هەتا هەتایە پێكەوە بژین، لەمەش زیاتر ئەگەر سەیری روانگەی ئاساییشی ئەم جیهانەوە بكەین و مەبەستمان پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی ئەم سەرزەمینە بێت، ئەوا ئاشتی و ئاسایش پێویستی بەوە هەیە كە گەلێك خاوەنی قەوارەیەكی سیاسیی خۆی بێت و خۆی خۆی بەڕێوەبەرێت، بۆ ئەوەیە لەسەر بنەمای دراوسێیەتی باش و بەرژەوەندیی هاوبەش رێز لەیەكتری بگرن، لەبەرامبەر ئەمەدا ئەگەر سەیری مێژوو بكەین، دەبینین لەو كاتەوە بەزۆر كورد بەو دەوڵەتانەوە لكێنراوە، هەمیشە ئاژاوەو ناسەقامگیری بەردەوام بووە، سەرەنجامیش ژینۆساید و كارەساتی خوڵقاندووە، بۆیە ناكرێت ئەمە تاسەر درێژەی هەبێت و دەبێت كوردیش خاوەنی قەوارە و دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی بێت.

هەروەها مەلا محەمەد گوتی : هەرتاكێكی كوردستان بە توركمان و ئەو عەرەبانەشی چەندین ساڵە لە كوردستان نیشتەجێ بوون، واتە هەموو پێكهاتەكانی كوردستان بە جیاوازی ئایین و نەتەوەوە ئەركی سەرشانیانە هەموومان یەك هەڵوێست و یەكڕیز بین، بۆ ئەوەی ئەم قۆناخە سەختە تێپەڕێنین، هەروەها پێویستە هێزە سیاسییە كوردستانییەكانیش هەموویان یەكڕیز و یەكگرتوو بن و لە ئێستادا واز لە بیروبۆچوون و ئامانجە حزبییەكانیان بێنن و هەموو ئامانجیان لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی نیشتمانییەوە یەكبخەن، لەبەر ئەوەی ئەم فرسەتەی ئێستا بۆمان هەڵكەوتووە، یەكێكە لەو فرسەتانەی كە جاری وا هەیە بە 100 ساڵ فرسەتی وا دروست نابێتەوە، لەبەر ئەوە دەبێت خەمی هەموومان ئەوە بێت، ئەم فرسەتە لەدەست نەدرێت و نابێت بۆ بەرژەوەندی حزبایەتی تەسك، چاومان ئەم فرسەتە گەورەیە نەبینێت كە بۆ میللەتەكەمان هاتۆتەپێشەوە، بۆیە بۆ ئێستا دوو خاڵی زۆر گرنگ بە پێویست دەزانم، كە پێویستە هەموو حزبە سیاسییەكان لەبەرچاوی بگرن، یەكەمیان ئەوەیە نابێت رێگە بدەین ئەوەی هەتا ئێستا بەدەستمان هێناوە لەدەستی بدەین، دووەمیان ئەوەیە هەنگاو بۆ دەسكەوتی زیاتر هەڵبگرین. هەر بۆ نموونە ئێستا ناوچە دابڕێنراوەكان گەڕاونەتەوە، بۆیە ئەمە دەسكەوتێكی گرنگە و دەبێت بە جۆریك هەنگاوی بۆ هەڵبگیرێت، بۆ ئەوەی ئەو ناوچانە بە تەواوەتی بگەڕێنەوە و جارێكی دیكە لەدەستمان نەچێتەوە.

لە درێژەی دیدارەكەیدا مەلا محەمەد نەسروالله گوتی: دیارە پێشمەرگەی كوردستان بەشێكن لە ئێمە و بە پێشمەرگەی خۆمانیان دەزانین و هەر ئەو قارەمانەن كە لە شەستەكانی سەدەی رابردوو هەتا راپەڕینە مەزنەكەی بەهاری 1991 خەباتیان كردووە بۆ سەربەخۆیی كوردستان، خەباتیان كردووە بۆ لابردنی زۆڵم و ستەم لەسەر ئەم میللەتە، خەباتیان كردووە بۆ ئەوەی بەرگری لە شەرەف و كەرامەتی ئەم میللەتە بكەن، بۆیە هەتا راپەڕینە مەزنەكە پێشمەرگە دەچووە هەر ماڵێكی ئەم كوردستانە، ئەو خەڵكە هەستی دەكرد فریشتە چۆتە ناو ماڵەكەی، ئەو پێشمەرگانەی ئێستا بەرگری لە سنووری كوردستان دەكەن، هەمان ئەو پێشمەرگانەن كە پێش راپەڕین شەرەف و كەرامەتیان دەپاراستین، بۆیە لە ئێستادا دەبێت بە هەمان چاو سەیری پێشمەرگە بكەین و وەك فریشتە سەیریان بكەین، هەروەها دەبێت ئەو هەستە دروست بێتەوە كە پێشمەرگە پارێزەری كوردستانە و وەك پێشمەرگەی لایەنێكی سیاسی سەیر نەكرێت و تەنها وەك پێشمەرگەی كوردستان سەیر بكرێن و تەنها وەزارەتی پێشمەرگە بەرپرس و كۆكەرەوەی هەموو هێزی پێشمەرگەی كوردستان بێت، لە ئێستاشدا هەلێكی زۆر باش بوو بەوەی بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان بڕیارێك دەربكات بۆ ئەوەی تەجنیدی لاوەكانی كوردستان بكرێت، بۆ ئەوەی لاوەكان ناوی خۆیان بنووسن و ببنە پێشمەرگە و بەرگری لە خاكی كوردستان بكەن، بۆیە ئەگەر سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەو بڕیارە دەربكات، ئەوا مەسەلەی پێشمەرگە دەبووە مەسەلەیەكی گەورە و فراوانتر.


بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە (988) دا

Top