شەڕی تیرۆریستان بۆ هێزی پێشمەرگە شەڕێكی تازەیە و دەبێت باشتر رابهێنرێن و هەموو كەموكورتیەكانی كەرتی سەربازیش چارەسەر بكرێت

شەڕی تیرۆریستان بۆ هێزی پێشمەرگە شەڕێكی تازەیە و دەبێت باشتر رابهێنرێن و هەموو كەموكورتیەكانی كەرتی سەربازیش چارەسەر بكرێت
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان نەزهەت حالی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستنی كوردستان بۆ گوتى: ئاژانسی پاراستنی كوردستان و ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان و دەزگاكانی ئاسایش، لە پێش ساڵی 2003شەوە لەشەڕداین دژی تیرۆریستان، بەڵام شەڕی دژە تیرۆر لەدوای ساڵی 2003 بارودۆخێكی وا هاتە ئاراوە كە تیرۆریستان بتوانن زیاتر گەشە بكەن و ژمارەیەكیش لە تیرۆریستانی نێودەوڵەتیش كە پێشتر لە ئەفغانستان بوون ئەوانیش روویانكردە عێراق و بەناوی جیهادكردن دژی ئەمریكیەكان و هێزەكانی كەوتنە ئەنجامدانی كاری تیرۆریستی، هەروەها توانییان چەندین كاری تیرۆریستیش لە هەرێمی كوردستان ئەنجام بدەن، كە دیارترینیان كارە تیرۆریستیەكەی (1)ی شوباتی ساڵی 2004 بوو. لەم یەك دوو ساڵەی دواتریش تادەگاتە داگیركردنی موسڵ لەلایەن تیرۆریستانەوە، شەڕی دژە تیرۆر دیسان گۆڕانی بەسەردا هاتوو لە كاری گرووپی بچووك و خۆكوژی و ئوتومبێل تەقاندنەوە، وەك ئێستا دەبینین خاكێكی زۆریان داگیركردووە و لە سەر ئاستی بەرەیی شەڕ دەكەن، بۆیە ئەگەر پێشتر شەڕی دژە تیرۆر زیاتر شەڕی دەزگا هەواڵگرییەكان و دەزگاكانی ئاسایش بووبێت، ئەوا ئێستا شەڕەكە زۆر بەرفراوان بووە، بۆتە شەڕێكی سەربازی هەمەلایەنە .

هەروەها نەزهەت حالی گوتی: چەند رۆژێك بەر لەوەی داعش هێرش بكاتە سەر موسڵ ئێمە ئاگاداربووین و زانیاریمان هەبوو، بەڵام ئەو لەبەریەكهەڵوەشانە سەربازییەی روویدا ئەوەیان شتێكی زۆر كوتوپڕ و جێگەی سەرسامی بووە، بە تەئكید مەزندەی ئەوە نەدەكرا سوپای عێراق بەو جۆرە و بەو خێراییە لەبەر یەك هەڵبوەشێت و ئەو هەموو چەك و تەقەمەنی و ئامێرە سەربازیانە بكەونە دەستی تیرۆریستانی داعش، تەنانەت شكانی سوپای عێراق بەو جۆرە كاریگەری سلبی لەسەر ورەی پێشمەرگەی كوردستانیش دروستكرد، هەروەها ئەمە بووە هۆكاری ئەوەی لەماوەیەكی كورتدا داعش ناوچەیەكی زۆر بە موسڵیشەوە كۆنترۆڵ بكات و پێگەی خۆی قایم بكات، تەنانەتە داعشیش مەزندەی ئەوەی نەدەكرد بەو خێرایە ئەو هەموو ناوچەیە كۆنترۆڵ بكات. لەمەش زیاتر ئەو هەموو چەكەی كە داعش لەم شەڕانە دەستی كەوت، چەكی دەستی سوپایەكی مۆدرێن بوو، چەندین جبەخانەی چەكی لە تكریت كەوتە بەردەست كە هێجگار زۆر بوو، لەم دوایەش لە ناوچەی حەسەكە لە سوریاش چەكێكی زۆریان كەوتە دەست.

شایانی باسە حالی گوتی: پێش هەموو شت دەبێت لە جوگرافیای شەنگالەوە دەست پێبكەین، ئاشكرایە شەنگال لەرووی جوگرافیەوە كەوتە شوێنێك كە زۆر هەستیار و ستراتیژییە و زۆربەی دانیشتوانەكەشی كوردن، لە زاخۆ و دهۆكەوە دوورە و ماوەیەكی زۆر لە نێوانیاندا هەیە، لە شەنگال هێزی پێشمەرگەشی لێبوو، بەڵام تیرۆریستانی داعشیش بەرنامەیان بۆ داگیركردنی شەنگال هەبووە، بانگێشەی ئەوەشیان دەكرد دەیانەوێت هێرش بكەنە سەر شەنگال.
لەم مەسەلەیەدا بێگومان كەمتەرخەمی سەربازی هەبووە، بەڵام ئەوە باشترە لە سەركردە سەربازییەكان بپرسن، بۆیە ئەوەی لە شەنگال روویدا لەرووی مرۆڤایەتی و كۆمەڵایەتی و ئایینی و نەتەوەیشەوە كارەساتێكی زۆر ناخۆش بوو، هەروەها مەسەلەی بردنی ئافرەتەكان و دابەشكردنیان وەك جاریە بەسەر تیرۆریستاندا، زامێكە لە ئەنفالیش قورسترە، من وەك خۆم زۆر لە كەسوكارم لە ئەنفالی بارزانیەكان ئەنفالكراون، بەڵام ئەوەی بەسەر ئێزدییەكان هات لە شەنگال ئەوەم لا قورسترە.

دێژەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(988)
Top