لە جەلەولا ژمارەیەكی زۆر چەكداری داعش كوژران

لە جەلەولا ژمارەیەكی زۆر چەكداری داعش كوژران
لە شەوی رابردووە لە شارەدێی جەلەولای سەر بە خانەقین شەروپێكدادان لە نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و چەكدارانی داعشدا دەستی پێكردۆتەوە و ئەمرۆ فرۆكەیەكی جەنگی بۆردومانی چەكدارەكانی كرد و بە پێی دوا زانیارییەكان ژمارەیەكی زۆر لە چەكدارەكان كوژراون و هێزەكانی پێشمەرگە توانیویەتی چەكدارەكان تێكبشكێن.





سەرچاوەیەك لە هێزەكانی ئاسایشی گەرمیان، تایبەت بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند: شەوی رابردوو چەكدارانی داعش لە هەردوو گەرەكی تەنجنید و وەحدەوە هێرشیان كردە سەر هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان و هێزەكانی پێشمەرگە توانییان سەرجەم هێرشەكانی چەكدارەكان تێكبشكێنن كە ئامانجیان پێشڕەوی كردن بوو.



لە ئاكامی ئەو شەڕە كە تاوەكو كاتژمێر 10:30 خولەكی بەیانی ئەمرۆ بەردەوامبوو، ژمارەیەكی زۆر لە چەكدارەكان كوژراون و پاشەكشەیان كردووە و تەرمەكانیان لە ناو شەقامەكاندا كەوتوون و هەرچەند هەوڵیانداوە تەرمەكان هەڵگرنەوە، بەڵام هێزەكانی پێشمەرگە رێگەیان نەداون و لەوكاتەشەدا ژمارەیەكی دیكەیان لێكوشتوون.



سەرچاوەكە گوتی: هەر لەو پێكدادانەكەدا، بەیانی ئەمرۆش فرۆكەیەكی جەنكی عێراق مۆڵگەكانی داعش لە ناو شارەدێی جەلەولا بۆمبباران کرد و توانیویەتی موڵگەیەكی تیرۆریستەكان كە دەكەوێتەسەر هەورازێك بپێكێت و ژمارەیەكی زۆری لە چەكدارەكان كوشتووە.



سەرچاوەكەی ئاسایش، ئەوەشی خستەڕوو، ئێستا پێكدادانەكە وەستاوەتەوە و لە ئاكامی ئەو پێکدادانەدا سێ پێشمەرگە شەهید و چەند پێشمەرگەیەكی دیكەش برینداربوون.
Top